شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ یەکسانی جێندەری کۆبوونەوە

K24 – هەولێر

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەستپێشخەریی رێگریکردن لە توندوتیژی جێندەری لە ململانێدا، لەگەڵ ئەلیسیا هێربێرت، نوێنەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ یەکسانی جێندەری لە لەندەن کۆبوونەوە.

دیندار زێباری رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات کە لە خانزاد ئەحمەد سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان و هەر یەک لە تیمی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا پێکهاتووە.

دیندار زێباری، جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کوشتنی شەرەف دەکات وەک تاوانێک کە بە هیچ بیانوویەک چاوپۆشی لێنەکرێت.

پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە سێی ٢٠١٥ـی دەرکرد کە بڕگەکانی ماددەی ٤٠ـی یاسای سزادانی عێراقی راگرت، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی سزای کوشتن بە بیانووی شەڕەف.

بە پێچەوانەی یاسا نیشتمانییەکان، ئەو یاسایانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کوشتنی شەرەف وەک کوشتنی بە ئەنقەست دەستنیشان دەکەن، لێرەوە رێوشوێنی سزای قورس وەک سزای هەتاهەتایی بەسەر تاوانباراندا دەسەپێندرێت.

هاوکات خانزاد ئەحمەد رایگەیاند، ئەنجوومەنی ژنان پلانی دە ساڵەی (2017-2027) داڕشتووە و ئێستا لەگەڵ پەرلەمان هەماهەنگی دەکەن بۆ دەرکردنی یاسای نوێ و هەموارکردنەوەی یاسا بەرکارەکانی دیکە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلانی کارکردنی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ژنان و ئاشتی و ئاسایش ئامادەکردووە و لەرێگەی وەزارەتی ناوخۆوە پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە. هاوکات ئەنجوومەنی ژنان ئەو پلانەی بە سەرجەم کونسوڵخانە و نێردە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان ناساندووە.

نوێنەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ یەکسانی جێندەری، ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە پێشخستنی یەکسانی جێندەری، هەردوولا هاوبەشی و هەماهەنگی نێوانیان دووپاتکردەوە.