سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی پەسەندکردنی پێشنیازه‌یاسای به‌ركاركردنی یاسای فیدراڵی واژۆی ئه‌لیكتڕۆنی و مامه‌ڵه‌ ئه‌لیكتڕۆنییه‌كان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (29ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌گرنگی په‌سه‌ندكردنی پێشنیازه‌یاسای به‌ركاركردنی یاسای فیدراڵی واژۆی ئه‌لیكتڕۆنی و مامه‌ڵه‌ ئه‌لیكتڕۆنییه‌كان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، كرد.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌: "به‌ گه‌رمی پێشوازی لە پەسەندکردنی پێشنیازه‌یاسای (به‌ركاركردنی یاسای فیدراڵی واژۆی ئه‌لیكتڕۆنی و مامه‌ڵه‌ ئه‌لیكتڕۆنییه‌كان) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەکەم. پەسەندکردنی هەموارکردنی ئەم یاسا گرنگە، كه‌ هەوڵێکی هاوبەشی حکومەته‌ بە هاوکاری و پشتیوانیی باشترین شاره‌زایانی جیهانی، هەنگاوێکی ديكەیە لە پرۆسەی وه‌رچه‌رخانی دیجیتاڵی کابینەی نۆیەم بە ئاراستەی گه‌یشتن به‌ حکومەتێکی تەواو دیجیتاڵی له‌ کۆتایی ساڵی 2025".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: "لە هەموو گفتوگۆكانم لەگەڵ گەنجان، بازرگان، خاوەنکار و وەبەرهێنەران، هەست بەوە دەکەم کە سەرمایەیەکی مرۆیی گه‌وره‌ی شاراوەمان هه‌یه‌. لە چەندین بۆنە و دیداردا، داواكاریی گه‌نجه‌كانمان بۆ به‌ دیجیتاڵكردن، چاکسازی کەرتی بانکی، ڕوونی و شەفافییەتی باج و نەهێشتنی بیروكراتی و به‌فیڕۆدانی سامانی گشتیی پێگەیشتووە کە هه‌مووی به‌ گرنگییه‌وه‌، كاریان له‌سه‌ر كراوه‌. ده‌بینین كه‌ سەرکردە گەنجەکانمان کاریگەربوون لە نێو کۆمەڵگه‌کەیان و لە جیهانی ئه‌لكترۆنیدا. پێشکەوتنەکانیان بەهۆی ئەوەیە کە کاتێک حکومەت زه‌مینه‌ و سەرچاوەی پێویست بۆهاووڵاتییە بەتواناکانی دەستەبەر دەکات، ئه‌وا پێشکەوتنی گه‌وره‌ بەدەست دەهێنن.".

مه‌سرور بارزانی گوتیشی: "لەم کابینەیەدا، بەرکارکردن و هەموارکردنی ئه‌م یاسایەمان کردە کاری لە پێشینە، بۆ دابینکردنی چوارچێوەی یاسایی پێویست بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان و حکومەت، تا بە تەواوی واژۆی ئه‌لكترۆنی به‌كاربهێنن. بێگومان ئێمە بە تەنیا ناتوانین ئەم كارانه‌ بکەین، چونکە ئایندەی دیجیتاڵی کوردستان و ده‌رخستنی توانا ڕاستەقینەکان، پێویستی بە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگه‌ هەیە بۆ ئەوەی به‌یه‌كه‌وه‌ کار بکەن".

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ستایشی پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتییەکەشی كرد بۆ پشتیوانییان لەم یاسایه‌.