پنتاگۆن هۆشداری ده‌داته‌ توركیا له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان

هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌
هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی خۆی بۆ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) دووپاتكرده‌وه‌ و هۆشداری ده‌داته‌ توركیا له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (29ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، پاتریك رایده‌ر، گوته‌بێژی وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا (پێنتاگۆن)، له‌میانه‌ی كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانی رایگەیاند، پشتگیری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەین و بەردەوامیشن لە کارکردن دژی داعش لە باکووری سووریا.

روونیشیكرده‌وه‌، لوید ئۆستن وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هاوتا توركییه‌كه‌ی له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا به‌منزیكانه‌ قسه‌ده‌كات و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هۆشداری ده‌ده‌ینه‌ توركیا له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان.

گوته‌بێژی وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئۆپەراسیۆنەکانمان بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە ناوچەکەدا کەمیکردووە.

ئه‌مڕۆ مەزڵووم عەبدی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، له‌ ئەگەری گوێنەدانی حکومەتی ئەنقەرە بە راوبۆچوونی ئه‌مه‌ریكا بۆ هێرشكردنه‌ سەر رۆژئاوای کوردستان به‌ کوردستان24ـی راگه‌یاند، ئێمە دەمانەوێت کێشەکان له‌ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن. جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، هێزەکانمان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی تورکیا ئامادەن و زیاتر گوتی، ئەگەر تورکیا هەڕەشەکانی بۆ هێرش بگۆڕێت، ئەمەریکا هەڵوێستی توندتری دەبێت.

هێرشه‌كانی توركیا بۆسه‌ر رۆژئاوا، دوای ئەوە دێت رۆژی (13ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیسقلالی شاری ئیستانبوڵ روویدا، لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 80 کەسی دیکە برینداربوون، دوای رووداوەکە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پەکەکە و پەیەدەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، ئەنجامدەری تەقینەوەکەیان دەستگیرکردووە و "بڕیاری تەقینەوەکە لە کۆبانێ دراوە و ئەنجامدەرەکە لە عەفرینەوە هاتووەتە ناو خاکی تورکیا".