دەزگای هەواڵگری تورکیا: بەرپرسی هەواڵگری پەکەکە لە شنگال کوژرا

K24 – هەولێر

تورکیا رایدەگەیەنێت، بەرپرسی هەواڵگری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان لە شنگال کوشتووە.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای ھەواڵگریی (MiT)دا، بەرپرسی ھەواڵگریی پەکەکە، فاتمە ئۆنور لە شنگال کوژراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەنادۆڵ، فاتمە ئۆنور لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا لە بەریتانیاوە چووەتە ناو ریزەکانی پەکەکە، لە باڵی سەربازیی پەکەکەدا چالاکی هەبووە. لە ساڵی 2016دا، لەناو هەواڵگری پەکەکە، گەیشتووەتە پلەی بەرپرس و مەشقی هەواڵگری بە چەکدارانی پەکەکە کردووە، بەتایبەت لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ژمارەیەکی زۆر ئەندامانی پەکەکەی لە ئەستۆ بووە.

ئاژانسی فەرمی حکومەتی تورکیا نووسیویەتی: "دەزگای هەواڵگریی تورکیا بۆ ئاشکراکردنی چالاکییەکانی فاتمە ئۆنور کە ناوی خوازراوی (کیندا ماراش) بووە، لێکۆڵینەوەی وردی ئەنجامداوە و ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە ناوبراو لە قەندیلەوە بە ئەرکێکی نهێنی دەچێتە قەزای شنگال، بەگوێرەی زانیارییەکانی (MiT)، ناوبراو بۆ شاردنەوەی چالاکییە هەواڵگرییەکانی لە شنگال وەک بەناو بەرپرسی دارایی کاری کردووە".

هەرچەندە ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی تورکیا، هەواڵی کردنە ئامانجی ئەو بەرپرسەی پەکەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تائێستا پەکەکە هیچ زانیارییەکی لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.

بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی فەرمی تورکیا، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا نزیکەی 100 بەرپرسی پەکەکەیان لە عێراق و سووریا کوشتووە.