توركیا نایه‌وێت رووداوه‌كانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی رابردوو دووباره بكاته‌وه
K24 – هه‌ولێر
توركیا نایه‌وێت رووداوه‌كانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی رابردوو به‌رامبه‌ر په‌رله‌مانتارانی كورد دووباره بكاته‌وه.
پاش ئه‌وه‌ی كه پارێزبه‌ندی له سه‌ر په‌رله‌مانتاران هه‌ڵگیرا و سه‌دان دۆسیه دژی په‌رله‌مانتاران ئاماده‌كرا بۆ لێپرسینه‌وه و بانگهێشتكردنیان بۆ به‌رده‌م دادگا، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش رایگه‌یاند ناچینه به‌رده‌م دادگا، به‌ڵام ده‌توانن به زۆر بمانبه‌ن.
به‌پێی هه‌واڵێكی كه‌ناڵی خه‌به‌ر تورك، داوكارانی گشتی بڕیاریان داوه، ئه‌و رووداوه دووباره نه‌كه‌نه‌وه كه له ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی رابردوو، پاش هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانی پارتی دیموكراسی، به زۆر بردرانه به‌رده‌م دادگا، كه بووه خاڵێكی ره‌شی توركیا.
له دۆسیه‌ی ده‌میرتاش و په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په بۆ لێپرسینه‌وه و بانگهێشتنكردنیان، هه‌ندێ گۆڕانكاری كراوه كه نابێت بۆ لێپرسینه‌وه به زۆر بهێنرێنه به‌رده‌م دادوه‌ر.
پاش هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران، 799 دۆسیه‌ی 152 په‌رله‌مانتار بۆ دادگا ره‌وانه‌كراوه، كه سه‌رانی هه‌ر سێ پارتی ئۆپۆزسیۆن له‌ناو ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌دان كه دۆسیه بۆیان كراوه‌ته‌وه.
دادگانی توركیا له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو له ئه‌نقه‌ره، ئامه‌د و مێرسین بانگهێشتی هه‌ندێ له په‌رله‌مانتاران هه‌ده‌په‌یان كرد بۆ لێپرسینه‌وه، كه هه‌ندێكیان له چوارچێوه‌ی دۆسیه‌ی كه‌جه‌كه بانگهێشتكراون.
ده‌میرتاش به تۆمه‌تی سووكایه‌تی به هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا له لایه‌ن داواكاری گشتی كۆماری توركیا له مێرسین بانگهێشتكراوه.
له ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی سه‌ده‌ی رابردوو له‌یلا زانا و هاورێیانی به زۆر بردرانه به‌رده‌م دادگا و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ زيندانيكران.