مەرجی پشکنینی کۆرۆنا لە عێراق بۆ گەشتکردن لابرا

K24 - سلێمانی:

وەزارەتی تەندروستی عێراق بڕیایدا بە لابردنی مەرجی کارتی  پشکنینی کۆرۆنا لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان.

ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی فەرمانگە تەندروستییەکانی عێراقی کردووە ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو کەسانەی دێنە نێو عێراق یان دەچنە دەرەوە لە (1/12/2022) بەدواوە داوای کارتی ڤاکسینی کۆرۆنایان لێناکرێت".

دەشڵێت: "بەستنی ماسک لە سەرجەم شوێنە گشتییە کراوە و داخراوەکان ئازادانەیە و ناچاری نییە، تەنیا لە نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستییەکان نەبێت".

وەزیری تەندروستی عێراق لە نوسراوەکە هۆکاری لابردنی مەرجی کارتی ڤاکسین بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان رێوشوێنەکان خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە لابراون و ئاماژە بەوەشدەکات: " ئەو بڕیارەیان دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی کۆرۆنا لە عێراق و تەواوی جیهان دەرکردووە".

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش لە یەکی نیسانی 2022 مەرجی هەبوونی کارتی ڤاکسینی کۆرۆنای بۆ گەشتکردن  بۆ دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندووەتەوە.

.