سەرۆک کۆماری ئێران گەیشتە شاری سنە

ئیبراهیم رەئیسی لەگەڵ زانایانی ئایینی و رۆشنبیران کۆدەبێتەوە
ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران
ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران

K24 - هەولێر:

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ بەیانی گەیشتە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بڕیارە لەگەڵ بەشێك لە زانایانی ئایینی و رۆشنبیرانی ئەو پاریزگایە کۆببێتەوە.

ئاژانسی تەسنیمی ئێران رایگەیاند، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ شاندێکی کابینەکەی بە مەبەستی کردنەوەی پڕۆەی ئاوی شاری سنە بەرەبەیانی ئەمرۆ گەیشتە پارێزگای سنە و پاش کردنەوەی پڕۆژەکە لەگەڵ هاووڵاتیانیش کۆدەبێتەوە.

موحسین مەنسووری، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە، لەم سەردانەی رەئیسیدا، پڕۆژەی ئاوی سنە کە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵکی سنە بووە و کێشەی ئاوی ئەم شارە چارەسەر دەکات دەکرێتەوە، دواتر سەرۆککۆمار لەگەڵ زانایانی ئایینی و مامۆستایان و رۆشنبیرانی پارێزگای سنە کۆدەبێتەوە.

لە ماوەی 72 رۆژی ڕابردوودا کە خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بووە ئەمە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای سیاسیی ئێرانە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.