لە هەرێمی کوردستان 54 حاڵەتی ئایدز تۆمارکراون

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، 54  حاڵەتی ئایدز لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

د. سامان بەرزنجی تەندروستی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەی 11 مانگی رابردوودا زیاتر لە 538 هەزار پشکنینی ئایدز لە هەرێمی کوردستان کراوە، لە کۆی ئەو پشنکنینانە 54 حاڵەتی ئایدز تۆمارکراون.

گوتیشی: "لەو ژمارەیەدا 40 حاڵەت بیانی بوونە و ئەوانی دیکە عێراقی بوونە".

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی ساڵێکدا یەک ملیۆن و 500 هەزار حاڵەتی ئایدز لەسەر ئاستی جیهان تۆمارکراون، بە گشتی ئێستا نزیکەی 40 ملیۆن کەس وەکو هەڵگری ڤایرۆسی HIV هەن و چارەسەر وەردەگرن.

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدزە، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شار و شارۆچکەکان چەندین چالاکی بۆ هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی ئایدز رێکخستووە.

سەبارەت بە ئامارەکانی ئایدز لە سنووری پارێزگای هەولێر د. دلۆڤان محەممەد بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2014ـەوە لە پارێزگای هەولێر 28 حاڵەتی ئایدز تۆمارکراون، کە 18یان بیانین و رەوانەی وڵاتەکانیان کراونەتەوە و شەش حاڵەتیشیان خەڵکی شارەکانی دیکەی عێراق بوون، بەڵام لە هەولێر نیشتەجێ بوون، سێ لە تووشبووانیش خەڵکی هەولێر.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی پشکنیینەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ نەخۆشی ئایدز زۆر زیادیانکردووە، لە ساڵی  2004  لە هەولێر تەنیا 11 هەزار پشکنین کراوە، بەڵام لە ساڵی 2022 نزیکەی 272 هەزار پشکنیی ئایدز لە هەولێر کراوە.

بەگوێرەی ئامارەکان لە پارێزگای سلێمانی 19 حاڵەتی ئایدز تۆمارکراون.

لەبارەی ئاماری تووشبووانی ئایدز لە پارێزگای دهۆک، د. ئەحمەد عەلی بەرپرسی بەشی ئایدز لە تەندروستی دهۆک بە کوردستان24ی گوت: "حەفت حاڵەتی ئایدز لە دهۆک تۆمارکراون".

لە پارێزگای هەڵەبجە هیچ حاڵەتێکی تووشبوو بە ئایدز تۆمار نەکراوە.

ئایدز واتە لاوازی و نەمانی بەرگری لەش، نەخۆشییەکەی درێژخایەنی ترسناکە و تا ئێستا چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە و بەبێ دەنگی سیستەمی بەرگری مرۆڤەکە لەناودەبات.

ڤایرۆسەکە بە زۆری لە رێگەی سێکس، گواستنەوەی خوێن و بەکارهێنانی دووبارە سەرنج و کەلوپەلی پزیشکی کەسی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە.

نەتەوەیەکگرتووەکان یەکی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ئایدز داناوە و بەپێی ئامارەکانیش تەنیا لە ساڵی 2021 دا یەک ملیۆن و 500 هەزار تووشبووی نوێی ئایدز لە جیهان تۆمارکراون و 650 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.