چینییەکان لە خۆپێشاندانیشدا داهێنانیان کرد

خۆپێشاندان لە چین
خۆپێشاندان لە چین

K24 – هەولێر

لە زۆربەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا، شتێک یان توخمێک دەبێتە هێما و سیمبول. چینییەکان بە هۆی هەندێ یاسا و بڕیار، لە خۆپێشاندانەکانیشدا داهێنایان کرد و تەنیا لاپەڕێکی سپی بوو بە هێما.

سەرەتای ئەم هەفتەیە گرووپێک لە خەڵکی شانگهای بۆ یادی قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەی شاری (ئورومچی) کۆبوونەوە و لاپەڕی سپیان بەدەستەوەگرت. ئەمە بوو بە سەرەتای خۆپێشاندانێکی فراوان لە چین.

هەروەها لە زانکۆی (چینهوا)ـی پەکین، خۆپێشاندەران لاپەڕی سپیان بەدەستەوەبوو. (شی جینپینگ) سەرۆککۆماری چین لەو زانکۆیە خوێندوویەتی.

لە ڤیدیۆیەکیشدا لە شاری (ڤوژن)ـی پارێزگای (چە چیانگ)ـ چین، ژنێکی کەلەپچە لەدەست و تێپ لەدەم، دەردەکەوێت کە لاپەڕێکی سپی بەدەستەوەیە.

ئەو شێوەیە و لاپەڕە سپییە، سەرچاوەی لە خۆپێشاندانەکانی ٢٠٢٠ـی (هۆنگ هۆنگ)ـەوە گرتووە. خەڵکی ئەو شارە لەو ساڵەدا بۆ رەتکردنەوەی یاسا ئەمنییەکانی حکومەت، خۆپێشاندانیان کرد.

ساڵی ٢٠١٩ـش خۆپێشاندان لەو شارە کرا و بەتوندی لەلایەن حکومەتەوە سەرکوتکرا و بەهۆیەوە کاروبار و ژیانی خەڵک پەکیکەوت. ئەو کات حکومەت بەکارهێنانی هەر جۆرە دروشمێکی قەدەغەکرد، بۆیە چالاکانی بزوتنەوەکە لاپەڕی سپییان بەکارهێنا.

"ئەگەر بەو رادەیە لە لاپەڕێکی سپی دەترسێن، بزانن کە زۆر لاوازن"

هەندێ کەس پێیانوایە ئەو شێوەیە لە خۆپێشاندانە تەنیا نیشانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سەرکوتکردنی دژبەران و خۆپێشاندەران نییە، بەڵکو ئاڵنگارییەکە لە بەردەم بەرپرسانی حکومی، "ئایا دەتەوێت من لەبەر بەدەستەوەگرتنی لاپەڕێکی سپی، دەستگیربکەی؟"

ژنێک کە لە خۆپێشاندانەکانی شانگهایدا ئامادەبوو، بە ئاژانسی دەنگوباسی (بی بی سی) گوت: دیارە هیچ شتێک لەسەر لاپەڕەکە نەنووسراوە، بەڵام هەموومان دەزانین کە پێویستە شتێک لەسەر لاپەڕەکان بنووسرێن.

جانی، خۆپێشاندەری ٢٦ ساڵ لە پەکین، بە ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرزی راگەیاند: لاپەڕی سپی هێمای ئەو قسانەیە کە ئیمە ناتوانین بیڵێین.

بە گوێرەی قسەکانی کێری ئەلێن، شیکاری (بی بی سی) لە چین، بەرپرسانی ئەو وڵاتە گوشاری زۆریان بۆ سەر تۆڕي کۆمەڵایەتییەکان هێناوە.

ئەو دەڵێت: بە دەیان ملیۆن بابەت لە بەستەرەکانی ئینتەرنێتدا سڕاونەتەوە. ئەمە "لاپەڕی سپی" و "لاپەڕی بەتاڵ"ـیش دەگرێتەوە تەنیا هەندێ بابەتی کەم لەوبارەیەوە لەبەردەستی خەڵک دایە.   

خەڵک لە سانسۆری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان تووڕەیە. یەک لە بەکاربەران نووسیویەتی، "ئەگەر بەو رادەیە لە لاپەڕێکی سپی دەترسێن، بزانن کە زۆر لاوازن".

کۆمپانیای (ئێم ئەند جی) لە شانگهای، کاری بڵاوکردنەوەی لاپەڕی (ئەی فۆڕ) دەکات. لەبەر "هۆکاری ئەمنی" لاپەڕەکانی ئەو کۆمپانیایە لە ناو فرۆشگاکاندا کۆکراوەتەوە، بەڵام کۆمپانیاکە خۆی لە بەمیدیاییکردنی ئەو هەواڵە پاراستووە.

بەرپرسانی کۆمپانیاکە دەڵێن: بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانمان لەناو بازاڕدا ئاساییە. ئێمە پۆلیسمان لەو بەڵگە ساختەیە ئاگادارکردووەتەوە کە لە ناو سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە و دەنگۆکەی لێکەوتووەتەوە.