سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ سنه: خەڵکی کوردستان رێگه‌یان نەدا دوژمنان به‌ ئامانجه‌كانی خۆیان بگه‌ن

سه‌ردانی ئیبراهیم ره‌ئیسی بۆ سنه‌
سه‌ردانی ئیبراهیم ره‌ئیسی بۆ سنه‌

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك كۆماری ئێران سه‌ردانی شاری سنه‌ی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، دوژمنانی ئێران هەواڵیاندا لە رووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان سوودوه‌رگرن به‌ڵام سه‌ركه‌وتوونه‌بوون.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (1ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، ئیبراهیم ره‌ئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران سه‌ردانی شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی كرد و لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دوژمنانی ئێران هەواڵیاندا لە رووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان سوودوەرگرن.

رەئیسی گوتیشی لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێانەوە گرووپە دژبەرەکان و دوژمنانی کۆماری ئیسلامی بە دوای ئەوەوە بوون لە کوردستان پێگەیەک بۆ خۆیان دروستبکەن، بەڵام خەڵکی کوردستان رێگایان نەدا ئەوان بەو ئامانجەیان بگەن.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا، دوژمنان پێیان وابوو دەتوانن بە دروستکردنی ئاژاوە و تێکدانی ئاسایش لە کوردستان بە ئامانجەکەیان بگەن بەڵام نەیانزانی خەڵکی کوردستان کە شەهیدێکی زۆریان بۆ ئێران داوە وەک دارێکی پتەون کە ریشەی قووڵی هەیە و رێگا نادەن ئەوان بە ئامانجەکانیان بگەن.

بە پێی راپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی هرانا، لە 16ـی ئەیلوول/سێپتێمبه‌رەوە تا 25ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022، خۆپێشاندان لە 156 شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووە و بەهۆی کاردانەوەی توند و تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، 448 خۆپێشاندەر و لەوانە 63 مێرمنداڵ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

هەروەها 18 هەزار و 170 خۆپێشاندەریش دەستگیرکراون و هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی هرانا، لەو ماوەیدا لە 143 زانکۆ گردبوونەوە و خۆپیشاندان کراوە و 565 قوتابیش دەستگیرکراون.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی (24ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022)، لەبارەی پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران کۆبووەوە و بڕیاردرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران، پێکبێت.