به‌ڕێوبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر داهاتی ساڵانه‌ی فڕۆكه‌خانه ئاشكرا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌حمه‌د هۆشیار، به‌ڕێوبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر رایگه‌یاند، فڕۆكه‌خانه‌كه‌یان 27 ملیۆن دۆلار قه‌رزی داوه‌ته‌وه و سه‌رجه‌م گرێبه‌سته‌كانی هه‌مواركردووه‌ته‌وه و ئه‌مساڵ داهاتی له 50 ملیۆن دۆلار تێده‌په‌ڕێت.
له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی "باسی رۆژ"ی كوردستان24دا، كه ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، ئه‌حمه‌د هۆشیار، باسی له چاكسازییه‌كانی ناو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر كرد و رایگه‌یاند، له چوارچێوه‌ی یاسای چاكسازیدا و له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیار و راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گۆڕانكاری زۆر به‌سه‌ر په‌یكه‌ری ئیداری و گرێبه‌سته‌كان و خه‌رجی فڕۆكه‌خانه‌دا هێنراوه.
گوتیشی: ئامانجی سه‌ره‌كیمان، پێشكه‌شكردنی باشترین خزمه‌تگوزارییه به كه‌مترین تێچوو و به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین داهات بۆ گه‌نجینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا گوتی: فڕۆكه‌خانه چوار گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌یه و كار كراوه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌شێك له گرێبه‌سته‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م گرێبه‌سته‌كانی دیكه، به جۆرێك له‌گه‌ڵ ستراتیژ و روانگه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بگونجێن.
روونیكرده‌وه، كارگۆی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر %56 كارگۆی هه‌موو عێراقی به‌ركه‌وتووه و 19 هێڵی ئاسمانی له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر كار ده‌كه‌ن.
له باره‌ی داهاتیشه‌وه گوتی: داهاتی ئه‌مساڵ له كۆتایی مانگی ئازار/ مارسی 2023 راده‌گه‌یه‌ندرێت، به‌ڵام ساڵی رابردوو، داهاتی فڕۆكه‌خانه 38 ملیۆن و 273 هه‌زار دۆلار بووه و هاوكات داهاتی كارگۆ 18 ملیۆن دۆلار بووه و گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه بۆ گه‌نجینه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، گوتی: پێشبینی ده‌كه‌ین، ئه‌مساڵ داهاتمان له سه‌رووی 50 ملیۆن دۆلار بێت.
ئاشكراشیكرد، 27 ملیۆن دۆلار قه‌رزی پێشووی فڕۆكه‌خانه‌كه‌مان داوه‌ته‌وه و داهاتمان زیادیكردووه.
له باره‌ی وه‌رگرتنی كارمه‌ندی نوێوه، گوتی: هیچ هه‌لێكی نوێی كارمان نییه و كاره‌كانی فڕۆكه‌خانه ته‌نیا به‌و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانه به‌ڕێوه‌ده‌چن، كه ئێستا هه‌مانه.
ئه‌حمه‌د هۆشیار باسی له‌وه‌شكرد، فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، یازده‌هه‌مین فڕۆكه‌خانه‌ی جیهانه كه پێشكه‌وتووترین ئامێری سكانه‌ری هه‌یه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد، كه هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ساخته و مادده‌یه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو رێگه‌ی ده‌ربازبوونی نییه و رێگه نه‌دراوه هیچ حاڵه‌تێك ده‌رباز بێت و ئه‌وانه‌یش، به به‌ڵگه‌نامه و مادده‌ی قه‌ده‌غه‌كراوه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، ره‌وانه‌ی به‌رده‌م دادگا كراون.
ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو، له دوو ساڵی رابردوودا ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی ساخته‌كاری زیادی كردووه و زۆرینه‌یان له ده‌ره‌وه ره‌وانه كراون.