ته‌ندروستی سلێمانی: له مانگی رابردوودا 981 منداڵ له‌دایكبوونه و نیوه زیاتری كوڕن
K24 – هه‌ولێر:
ته‌ندروستی سلێمانی ئاماری یه‌ك مانگی نه‌خۆشخانه‌ی منداڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری بڵاوكرده‌وه، كه 981 منداڵ لەدایكبوون و زۆربه‌شیان كوڕن.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 2ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022) به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی، ئامارێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، لەنەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری، لەماوەی مانگی رابردوودا لە رێكەوتی ( 1 بۆ 2022/11/30)، ( 5.415) نەخۆش سەردانیانكردووە و لەو ژمارەیە (1.730) نەخۆش داخڵكراون و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
ته‌ندروستی سلێمانی له چوارچێوه‌ی ئاماره‌كه‌دا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، له‌و ماوه‌دا (981) منداڵ لەدایكبوون و( 528) منداڵیان كوڕن و (453)ش كچن، هه‌روه‌ها (539) منداڵیان بەشێوەی سروشتی لەدایكبوون و ئەوانی دیكه لە رێگەی نەشتەرگەرییه‌وه لەدایكبوونه.
هاوكات لەمانگی رابردوودا ( 650) منداڵ لەبەشی نەبەكام داخڵكراون و (22) حاڵەتی لەدایكبوونی دووانە (4) حاڵەتی لەدایكبوونی سیانە (59) لەبارچوون هەبووە و( 1.239) سۆنەریش گیراوە.