رووسیا: كار بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ین

K24 – هه‌ولێر:
نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیا بۆ كاروباری سووریا، ئه‌لكسه‌نده‌ر لاڤرنتییڤ، ئه‌مڕۆ هه‌ینی (2ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022)، رایگه‌یاند، مۆسكۆ كار بۆ ئه‌وه ده‌كات، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان سه‌رۆكی سووریا، به‌شار ئه‌سه‌د و سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رێكبخات.
له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "العربیة"، لاڤرنتییڤ گوتی: "پێویسته توركیا وردتر بڕوانێته ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه، بڕوامان وایه نموونه‌ی ئه‌و جۆره كۆبوونه‌وانه ئه‌رێنیه و به شێوه‌یه‌كی گشتیی به سوودیش ده‌بێت، ئێمه به‌و ئاراسته‌یه‌دا كار ده‌كه‌ین".
گوتیشی: "ده‌توانرێت كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو سه‌رۆكه له رووسیا رێكبخرێت، بۆ ئه‌وه مۆسكۆ هه‌میشه ئاماده‌یه و لایه‌نگری ئه‌وه‌ش ده‌كات".
پێشتر، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی بڕیار و جێبه‌جێكردنی ناوه‌ندی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی فه‌رمانڕه‌وای توركیا، "ئورهان میری ئۆغلۆ"، به ئاژانسی "سپۆتنیك"ـی رووسی راگه‌یاندبوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق به‌ر له هه‌ڵبژاردنی چاوه‌ڕوانكراوی ساڵی داهاتووی توركیا ده‌كرێت بچنه قۆناغێكی نوێوه".
گوتیشی: "به‌ڵام سه‌خته ئێستا باس له پرۆسه‌ی ئاساییبوونه‌وه‌یه‌كی روون بكرێت، كه‌ی و چۆن ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌ستپێده‌كات، هه‌رچه‌نده ئێستا په‌یام له نێوان هه‌ردوولادا ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت".
روونیكرده‌وه، "دیمه‌شق خوازیاره گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره ده‌ستپێبكات، به تایبه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆكی وڵات، له وڵاتی سێیه‌مدا، كه ئه‌گه‌ری زۆره ئه‌و وڵاته رووسیا بێت".
میری ئۆغلۆ، له باره‌ی هێرشی سه‌ربازی سوپای توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی باكووری سووریا دوا و گوتی: "له‌م سه‌روبه‌نده‌دا، هێشتا زووه باس له گفتوگۆی نێوان توركیا و سووریا بۆ هاوكاریكردنێكی فراوان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل بكرێت".
له به‌رامبه‌ردا، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا، "ئه‌یمه‌ن سوسان"، جه‌ختیكرده‌وه، توركیا هێشتا نه‌چووه‌ته ژێرباری جێبه‌جێكردنی به‌ڵێن و ئه‌و پابه‌ندیانه‌ی به گوێره‌ی داڕشته‌ی ئه‌ستانا، ده‌كه‌ونه ئه‌ستۆی".
ئاژانسی هه‌واڵیی ره‌سمیی سووریا (سانا)، له زاری "سوسان"ـه‌وه بڵاویكرده‌وه، "جیهان رووبه‌ڕووی گرژی و ئاڵۆزی زۆرتر بووه‌ته‌وه، له سایه‌ی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی ده‌یه‌وێت هه‌ژموونی خۆی بسه‌پێنێت و تاكڕه‌وانه بڕیار بدات، كه هه‌مووی له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكادا خۆی ده‌بینێته‌وه و سووریاش به ده‌ستی ئه‌و سیاسه‌تی سه‌پاندنی ئینتیداپ و شوێنكه‌وته‌ییه‌وه ده‌ناڵێنێت، كه ده‌یه‌وێت بڕیاری نیشتمانی سووریاییه‌كان زه‌وت بكات".