تورکیا چیای ئاسۆسی بۆردوومانکرد

K24 – سلێمانی:
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چیای ئاسۆس لە شارۆچکەی ماوەت لە نزیک گوندی گەڵاڵە بۆردوومان دهكهن، بەهۆیەوە هاووڵاتییەك شەهیدبوو.
کامەران حەسەن قایمقامی شارۆچکەی ماوەت، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بههۆی بۆردوومانەکانی تورکیا لە چیای ئاسۆس، پێنج كهس برینداربوون و یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو، كهسێكیش تا ئێستا چارهنووسی نادیاره.
ئەوەشی گوت: "بەهۆی سەختی شوێنەکە و مەترسی دووبارەبوونەوەی بۆردومانەکان، پرۆسهی گواستنەوەی بریندارەکان کە دووانیان برینەکانییان سەختە زۆر ئهستەمە، بەڵام تیمەکان بە ئەمبوڵانس گەشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدهن".
هەروەها قایمقامی شارۆچکهی ماوەت ئاشکراشی دەکات، بۆردوومانەکە لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە و پێنج جاریش بەسەختی بۆردوومانی شاخی کێلەشینیان لە سنووری گوندی زەروونی سەر بە قەزای ماوەتیان کرد.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 بەهۆی ئەو بۆردوومانەوە چوار راوچی بە ئامانجگیراون و لە ئەنجامدا دوو راوچی برینداربوون و یەکێکی دیکەش دوای برینداربوونی شەهیدبوو و یەکێك لە راوچییەکانیش بێ سەروشوێن بووە و تەواوی قوربانییەکانیش خەڵکی گوندی قامیشن.