بلینكن: ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت له‌ دژی رووسیا بچێته‌ شه‌ڕه‌وه‌

واشنتن: ده‌ترسین چه‌كی ناووكی به‌كاربهێنرێت، ئه‌وه‌ رووبدات، كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ درووست ده‌بێت
ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌نتۆنی بلینكن، رایگه‌یاند، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، جۆ بایدن، به‌ نیازه‌ خۆی له‌ فراوانبوونی ململانێكانی ئۆكرانیا به‌ دوور بگرێت و ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت بچێته‌ شه‌ڕه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رووسیا.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "فرانس24"، بلینكن گوتی: "بایدن پێی گرنگه‌ خۆمان له‌ فراوانبوونی چوارچێوه‌ی ململانێكانی ئۆكرانیا به‌ دوور بگرین، به‌ڵكو كار بكه‌ین بۆ كۆتایهێنان به‌و شه‌ڕه‌، ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت شه‌ڕی هه‌بێت له‌گه‌ڵ رووسیادا، هه‌روه‌ها نایه‌وێت شه‌ڕی سێیه‌می جیهانی رووبدات، ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌ نییه‌، ئێمه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین".

بلینكن جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت ئاشتیی له‌ ئۆكرانیا بێته‌ ئاراوه‌، ئه‌و ئاشتییه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز نه‌بێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر زه‌وی پیاده‌ بكرێت و بۆ مه‌ودایه‌كی درێژ بێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵه‌ له‌گه‌ڵ رووسیا و زۆر بابه‌تی گرنگ هه‌ن، هه‌ردوولا پێویسته‌ تاوتوێیان بكه‌ن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ زیاتر دواو گوتی: "بۆ نموونه‌، ئێمه‌ له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامداین له‌گه‌ڵ رووسیا، چونكه‌ ده‌ترسین چه‌كی ناووكی به‌كاربهێنرێت، ئه‌وه‌ رووبدات، كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ درووست ده‌بێت. هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ریكا هیچ جووڵه‌یه‌كی رووسیا به‌و ئاراسته‌یه‌دا نابینێت، به‌ڵام ترسه‌كه‌ له‌ ئارادایه‌".

سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆی ئاشتیی نێوان ئۆكرانیا و رووسیا، بلینكن گوتی: ئێمه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی ئۆكرانیا، هیچ مه‌رجێكمان بۆ دانووستان دیاری نه‌كردووه‌، به‌ڵام پشتیوانی بڕیاری ئۆكرانییه‌كان ده‌كه‌ین.

پێشتر، ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، له‌ میانی سه‌ردانێكدا بۆ ئه‌مه‌ریكا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، رایگه‌یاندبوو، فه‌ره‌نسا و ئه‌مه‌ریكا، فشار ناخه‌نه‌ سه‌ر ئۆكرانیا بۆ ئه‌وه‌ی ناچار بێت ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكات له‌گه‌ڵ رووسیا.

سه‌رچاوه‌: فرانس24 و RT