به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی 260 پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسیدا دابەش دەکرێت

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سنووری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ 260 پارچه‌ زه‌وی به‌سه‌ر زیندانیانی سیاسییدا دابه‌شكرا.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون، ئه‌مڕۆ هه‌ینی (2ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022)، راگه‌یه‌ندراوێكی له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: فه‌رمانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ (23ـی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2021) ده‌رچووه‌.

به‌ گوێره‌ی فه‌رمانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌زاره‌ته‌كانی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار راسپێردراون بۆ ئامادەکاری و وردبینی کردن لە ناوی کەسەکان بۆ پێدانی ئەو زەوییانە.

لە فەرمانەکەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە: ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (38) لە رۆژی (11ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2017) و لە ژێر رۆشنایی یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 9ی ساڵی 2007 و یاسای ئیمتیازاتی زیندانی کراو و  گیراوانی سیاسی کوردستان ژمارە 11ی ساڵی 2011  بڕیار درا بە جێبەجێ کردنی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە  (867، 86، 869) لە رێکەوتی (21ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2018) تایبەت بە تەرخانکردنی زەوی بۆ 11 هەزار و 141 هاووڵاتی لە میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی و رزگاربووانی ئەنفال لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان.

فەرمانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژە بەوە دەکات کە، ئەو کارە دوای وردبینی کردن لە تەواوی ناوەکان و دڵنیابوون لە بوونی مەرجەکانی تەرخانکردنی زەوی تیایاندا، ئەوەش لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕەوه‌، کە نوێنەری هەریەک لە وەزارەتەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون و شارەوانی و گەشتوگوزار تێدا بێت.

هەر بەپێی فەرمانەکەی سەرۆک وەزیران، پێویستە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کاری پێویست ئەنجام بدات بە وردبینی کردنی لیستی ناوەکانی مامەڵەکانی تەرخانکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان (کەلار و کفری) لەگەڵ دابینکردنی زەوی پێویست بۆ مەبەستی جێبەجێ کردنی فەرمانەکە.