دوایین زانیاری له‌باره‌ی بۆردومانه‌كه‌ی چیای ئاسۆس
K24 – هه‌ولێر:
له ئه‌نجامی بۆردومانی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا بۆسه‌ر چیای ئاسۆس له قه‌زای ماوه‌ت، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی گوندی قامیشه‌ی ئه‌و سنووره بوونه قوربانی.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (2ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، كامه‌ران حه‌سه‌ن، قایمقامی قه‌زای ماوه‌ت به كوردستان24ـی راگه‌یاند، دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ فرۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی توركیا له چیای ئاسۆس چه‌ند هاووڵاتییه‌كی مه‌ده‌نی سنووره‌كه كراوه‌ته ئامانج.
قایمقامی قه‌زای ماوه‌ت گوتیشی، به‌هۆی ئه‌و بۆردومانه‌وه دوو كه‌س شه‌هدیبوون و سێ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاماژه‌ی به بێسه‌روشوێنبوونی كه‌سێكی دیكه كرد، كه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه پێكه‌وه‌بوونه له‌كاتی بۆردومانه‌كه.
كامه‌ران حه‌سه‌ن روونیكرده‌وه، ئه‌و هاووڵاتییانه بۆ راوكردن و كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می پاییز چوونه‌ته ئه‌و شوێنه، راشیگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر له 15 ساڵه باره‌گاكانی په‌كه‌كه له چیای ئاسۆس هه‌یه، به‌رده‌وام درۆنه‌كانی توركیا به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه سووڕاونه‌ته‌وه و جێگه‌ی مه‌ترسی بووه بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه.
چیای ئاسۆس یه‌كێكه له چیا سه‌خته‌كان كه رووبه‌رێكی فراوانی هه‌یه، له شاره‌دێی قه‌ڵادزێوه ده‌ستپێده‌كات تا ده‌كاته گوندی گه‌ڵاڵه له سنووری شاره‌دێی ماوه‌ت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، په‌یامنێری كوردستان24 له دانیشتووانی ناوچه‌كه‌وه گواستییه‌وه، به‌هۆی سه‌ختی چیاكه له هه‌وڵی هێنانه‌خواره‌وه‌ی قوربانییه‌كانن له‌ڕێگه‌ی وڵاغه‌وه چونكه هیچ ئۆتۆمبێلێك ناگاته ئه‌و ناوچه‌یه به‌هۆی به‌رزی و سه‌ختی رێگه‌كه‌ی.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌سێك به‌ناوی (عه‌زیز محه‌ممه‌د) كه خه‌ڵكی گوندی قامیشه‌یه له‌و بۆردومانه شه‌هید بووه و سێ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، دوو كه‌سی دیكه‌ش كه له‌گه‌ڵ ئه‌و قوربانییه‌بوون، سه‌لامه‌تن و هیچ زیانێكیان به‌رنه‌كه‌وتووه.
سه‌باره‌ت به ماوه‌ی هێنانه‌خواره‌وه‌ی قوربانییه‌كان له‌سه‌ر چیای ئاسۆس، یه‌كێك له دانیشتووانی ناوچه‌كه به پامنێری كوردستان24ـی راگه‌یاند، به‌هۆی سه‌ختی چیاكه‌وه پێبینی ده‌كه‌ن نزیكه‌ی سێ كاتژمێر بخایه‌نێت، له‌دوای دۆزینه‌وه و گه‌یشتن به قوربانییه‌كان.
دانیشتووانی ناوچه‌كه له‌ڕێگه‌ی كوردستان24ه‌وه ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، هێشتا ترسیان هه‌یه له بۆردومانی دیكه‌ی درۆنه‌كانی توركیا و به ئاگاییه‌كی زۆره‌وه له هه‌وڵی هێنانه‌خواره‌وه‌ی ته‌رمی شه‌هیده‌كه و برینداره‌كانن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوایان له فڕۆكه‌ی فریاگوزاری سلێمانی كردووه هاوكارییان بكات له گواستنه‌وه‌ی برینداره‌كان بۆ نه‌خۆشخانه به‌ڵام وه‌ك ئه‌و هاووڵاتییانه باسیانكردووه، پێده‌چێت به‌هۆی دڕۆنه‌كانی توركیاوه نه‌تواندرێت ئه‌و كاره بكه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، له سلێمانی، چوارتا و ماوه‌ته‌وه شه‌ش تیمی فریاگوزاری پزیشكی گه‌یه‌ندراوه‌ته ناوچه‌كه و له ئاماده‌باشیدان بۆ پێشكه‌شكردنی چاره‌سه‌ری پزیشكی به‌په‌له بۆ برینداره‌كان و گواستنه‌وه‌یان بۆ نه‌خۆشخانه.