سوید کۆچبەرێکی سیاسی کورد رادەستی تورکیا دەکاتەوە

K24 – هەولێر

هێزە ئەمنییەکانی سوید، کۆچبەرێکی سیاسی کوردیان رادەستی تورکیا کردەوە، کە تۆمەتبارە بە ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، کۆچبەرێکی سیاسی بەناوی مەحموود تات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سوید رەوانەی تورکیا کراوەتەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان مەحموود تات، کوردە و تۆمەتبارە بە ئەندامبوون لە ریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پێشتر لەلایەن حکومەتی تورکیا سزای زیندانیکردنی شەش ساڵ و 10 مانگی بۆ دیاریکراوە، بۆیە لە ساڵی 2015 تورکیای جێهێشتووە و چووەتە وڵاتی سوید و داوای مافی پەنابەری کردووە و حکومەتی سوید ئەو مافەی پێنەداوە.

لە مانگی حوزیرانی 2022دا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لەنێوان تورکیا، سوید و فینلەندا واژۆ کراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا تورکیا داوای لە سوید کردووە ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن داواکراون و لە سوید نیشتەجێن رادەستی تورکیا بکرێنەوە.

رێککەوتنی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلەندا، دوای ئەوە هات کە هەردوو وڵات داوای ئەندامبوونیان لە ناتۆ کردبوو، تورکیاش ببوو بە ئاستەنگ لەبەردەم داواکەیان.