بە فەرمانی مەسرور بارزانی پێنج ملیار دینار بۆ پرۆژەی رێگای گوندی خدرجیجە تەرخانکرا

"ساڵێک پێش ئێستا داعش هێرشیکردە سەر گوندەکە و 13 کەس شەهیدبوون"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانیکردنی بنەماڵەی شەهیدەکانی گوندی خدرجیجە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانیکردنی بنەماڵەی شەهیدەکانی گوندی خدرجیجە

K24 - سلێمانی:

ساڵێک بەسەر هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر گوندی خدرجیجە لە سنووری قەزای مەخموور تێپەڕی و پارێزگای هەولێریش رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی پێنج ملیار دینار بۆ پرۆژەی رێگای گوندی خدرجیجە تەرخانکرا.

ئەمڕۆ شەممە (3ی کانوونی یەکەمی 2022) لە راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێردا هاتووە "لەسەر فەرمانى رێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، رەزامەندى درا بە تەرخانکردن و خەرجکردنى گوژمەى (5 ملیار و 99 ملیۆن و 867 هەزار و 500 دینار) بەشێوەى نەختینە و قۆناغ لە سەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى دروستکردنى رێگاى گوندى (خدرجیجە)".

پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوەکەیدا پرۆژەکەی بە یەکێک لە پرۆژه‌ ستراتیژییه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێم وەسفکردووە، کە جگە لە سوود گەیاندن بە دانیشتووانى گوندەکە، سەرجەم گوندەکانى دیکەی ناوچەکەش بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئاسانکارییەکى زۆر دروستدەکات بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و دانیشتوانى گوندەکانى بناری چیایى قەرەچووغ.

لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، چەکدرانی داعش پەلاماری گوندی خدرجیەیان دا لە سنووری قەزای مەخموور و لە بناری چیای قەرەچووغ، لە ئەنجامدا 13 کەس لە هاووڵاتیانی گوندەکە و پێشمەرگە شەهیدبوون.