سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ ئیلۆن مه‌سك كۆبووه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ ئیلۆن مه‌سك، خاوه‌نی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر كۆبووه‌وه.
ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا به كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئیلۆن مه‌سك، ملیاردێری ئه‌مه‌ریكی و خاوه‌نی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر كۆتایی به سه‌ردانه سێ رۆژییه‌كه‌ی بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هێنا.
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له تویتێكدا رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ خاوه‌نی نوێی تویته‌ر كۆبووه‌ته‌وه و له تویته‌كه‌دا نووسیویه‌تی، "لێره له تویته‌ر ده‌مه‌وێت رایبگه‌یێنم، چونكه بابه‌ته‌كه هه‌مووی له‌باره‌ی باڵنده شینهكهوهیه، له‌گه‌ڵ ئیلۆن ماسك، خاوه‌نی تویته‌ر كۆبوومه‌وه و گفتوگۆیه‌كی روون و راستگۆیانه‌مان ئه‌نجامدا".
هه‌ر له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سك، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له وه‌ڵامی چه‌ند بهكارهێنهرێكدا رایگه‌یاند، له‌سه‌ر تویته‌ر پێویسته رێساكانی یه‌كێتی ئه‌وروپا په‌یره‌وبكات، سیاسه‌تێكی روون به‌رامبه‌ر به‌كارهێنه‌رانی بگرێته‌به‌ر و ئازادی راده‌ربڕین بپارێزێت.
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ ئیلۆن مه‌سك پرسی داهاتووی پیشه‌سازی ئه‌وروپا، دووباره بونیاتنهوهی فه‌ره‌نسا و ئه‌وروپا، پرۆژه پیشه‌سازییه‌كانی سه‌وز له داهاتوودا، به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی و پاترییه‌كان تاوتوێكردووه.
له كۆتایی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ ملیاردێری ئه‌مه‌ریكی ئیلۆن مه‌سك، له‌به‌رامبه‌ر پێدانی 44 ملیار دۆلار، بووه خاوه‌نی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر و ده‌ستیكرد به ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵێك چاكسازی و گۆڕانكاری، كه زۆربه‌یان بووه‌ته جێی گله‌یی به‌كارهێنه‌رانی تویته‌ر.