کوێستان محەممەد: ناوی 14 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتمان تۆمارکردووە

K24 - سلێمانی

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێشتر مووچەی 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت بڕدرابوو، لە کابینەی نۆیەم کار لەسەر ئەو بابەتە کراوە و مووچە بۆ ئەو 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت گەڕێندرایەوە و ناوی 14 هەزار کەمئەندامی دیکەشیان تۆمارکردووە.

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ی گوت: "مووچەی 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت بە ناڕەوا بڕدرابوو، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لەسەر رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران توانیمان مووچەی ئەو 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتە بگێڕینەوە، ئێستاش بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی باڵا پێکهاتووە، بۆ ئەوەی ژمارەیەک خاوەن پێداویستی دیکەی تایبەت تۆمار بکەین، کە لە ساڵی 2012ـەوە تۆمارکردنی خاوەن پیداویستی تایبەت راگیرابوو، ئێستا ناوی 14 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتمان تۆمارکردووە و لە قۆناغی پشکنیندان".

وەزیری کار ئاماژەی بەوەشدا، دوای تەواوبوونی قۆناغی پشکنین ئەو کەسانەی بەپێی رێنماییەکان شایستەبن، بە مەبەستی پەسندکردن ناوەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران رەوانە دەکرێن.

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند چالاکییەکی ئەنجامدەدات، وەزیری کار پیرۆزباییان لێدەکات و دەڵێت: "درووشمی وەزارەتی کار ئەوەیە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خاوەنی رێزن نەک بەزەیی، لەو روانگەیەوە هەنگاوەکانمان دەنێین".