هەزاران تۆن هەناری کوردستان ئامادەیە بۆ هەناردەکردن

"هەناری میسری و تورکی رکابەریی هەناری کوردستان دەکات، بەڵام لە تاقیکردنەوەکان دەرکەتووە، هەناری ئێمە لە هەموویان باشترە"
هەناری ساڵح خانیی هەڵەبجە، هەناردەی ئیمارات کرا
هەناری ساڵح خانیی هەڵەبجە، هەناردەی ئیمارات کرا

K24 – هەولێر

یەکەم کاروانی هەناری کوردستان گەیشتە بازاڕەکانی ئیماراتی یەکگرتووە عەرەبی و بازرگانێک دەڵێت، هەزاران تۆن هەناری دیکە ئامادەیە بۆ هەناردەکردن.

"بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند"، ئەمە ناوونیشانی پۆستێکی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستانە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە هەناردەکردنی یەکەم کاروانی هەناری کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات.

یەکەم کاروان ٥٠٠ تۆن هەناری زاخۆ و هەڵەبجەیە. هەناری جۆری ساڵەخانی هەڵەبجە ناوبانگێکی زۆری هەیە و ئەمە بۆ وڵاتی ئیمارات هەناردەکراوە.

وەزارەتی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشکنینی بۆ جۆری ئەو هەنارانە کردووە کە هەناردەکراون و لە کوالێتیان دڵنیابووەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەڤین عەتا پەیامنێری کوردستان٢٤ لە هەڵەبجە، یەک لە بازرگانانی ناوچەکە، دوو هەزار تۆن هەناری ئامادەیە بۆ ئەوەی هەناردەی دەرەوە بکرێت.
هەڵەبجە بە بەرهەمی هەنار بەناوبانگە و ساڵانە نزیکەی ٣٠ هەزار تۆن هەنار لێ بەرهەم دێت.

٢٠٠ تۆن هەناری زاخۆ لە جۆرەکانی ئەرمشتێ و مەهداوی، لە ناو یەکەم کاروانی هەناری هەناردەکراو دایە.

بە پێی قسەی ئیدریس ئەنوەر، بازرگان لە زاخۆ، هەناری میسری و تورکی رکابەریی هەناری کوردستان دەکات، "بەڵام لە تاقیکردنەوەکان دەرکەتووە، هەناری ئێمە لە هەموویان باشترە".

ئەو بە کوردستان٢٤ دەڵێت: کڕیارانی بیانی خۆیان پێشتر سەردانی باخەکانی زاخۆیان کردووە و ئێستا ئەو هەنارەی بەدەستیان گەیشتووە، بەپێی پێوەرەکانی ئەوانە. ئێستاش هەزاران تۆن هەنار ئامادەیە بۆ هەناردەکردن.