بزوتنەوەی ئازادیی ئێران داوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم و جیایی ئایین لە حکومەت دەکات

بزوتنەوەی ئازادیی ئێران
بزوتنەوەی ئازادیی ئێران

K24 – هەولێر

بزوتنەوەی ئازادیی ئێران داوایکرد لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی و لەسەر بنەمای "جیایی دامەزراوە ئایینیەکان لە حکومەت"، راپرسی بکرێت و ئەمەی بەتەنها رێگەی راستەقینەی ئێران بۆ دەربازبوون لە دۆخی ئێستا دەزانێت.

ئەو بزوتنەوەیە رۆژی سێی کانوونی یەکەم لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "شەڕی یاسایی و ریفۆرمخوازانە لە چوارچێوەی توانای دیموکراسیانەی دەستووری هەمیشەیی، تەنها رێگەی راسبینانە، دوور لە توندوتیژی و کەمخەرجە بۆ دەربازبوون لە دۆخی ئێستای ئێران".

لەو بەیاننامەیەدا کە لە ساڵڕۆژی پەسندکردنی دەستووری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بڵاوبووەتەوە، هاتووە: بزوتنەوەی ئازادی لە ئاراستەی پەڕینەوەی راستبینانە بەرەو دیموکراسی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانیی راستەقینە، هەمەلایەنە و جێگیر، داوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دەکات لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دامەزراوە ئایینیەکان لە حکومەت و وەڵامدانەوەی بەرپرسانی سیاسی و فەرمیی وڵاتە بە خواستی خەڵک.

بزوتنەوەی ئازادیی ئێران رایگەیاندووە، ئەو پێشنیارەیان هاوکات لەگەڵ بوونی رەخنەیان لە ماددەکانی ٤ و ٥ و ١١٠ـی دەستووری هەمیشەیی ئێران کە تایبەتن بە "دەسەڵاتی فراوانی ویلایەتی فەقیه و ئەنجوومەنی چاودێری".

محەمەد تەوەسولی، سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی ئازادیی ئێران
محەمەد تەوەسولی، سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی ئازادیی ئێران

بزوتنەوەی ئازادی ساڵی ١٩٦١ لەلایەن مەهدی بازرگان بۆ خەبات دژی حکومەتی محەمەدرەزا پەهلەوی دامەزرێندرا. سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەکە لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا گوشاری دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانی لەسەر بووە، بەڵام بەردەوام هەڵسوکەوتێکی میانڕەوانەی لەگەڵ دەسەڵات هەبووە.   

ئێستا محەمەد تەوەسولی، سکرتێری گشتیی بزوتنەوەکەیە. هەندێ کەس پێیانوایە محەمەد تەوەسولی، یەکەم کەس بووە باسی لە ناو و دامەزراندنی سوپای پاسداران کردووە.

تەوەسولی، ساڵی ١٩٧١ و بۆ ماوەی ساڵێک دەستگیرکراوە. هەروەها لە ماوەی ٤٤ ساڵەی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێنج جار دەستگیرکراوە.