حکومەتی ئێران چوار کەس لەسێدارەدەدات

K24 – هەولێر

ناوەندی میدیایی دەسەڵاتی دادوەری ئێران (میزان) رایگەیاند، چوار کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل لە سێدارەدراون.

چەند رۆژ پێشتر دەسەڵاتی دادوەری ئێران، رایگەیاند کە دادگای باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی چوار هاووڵاتی دەرکردووە.

حوسێن ئۆردوخانزادە، شاهین ئیمانی، میلاد ئەشرەفی و مەنوچێهر شەهبەندی، بە تۆمەتی هاوکاریی "سیخوڕی" لەگەڵ ئیسرائیل و "رفاندنی خەڵک"، بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

ناوەندی میدیایی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەمڕۆ (یەکشەممە، چواری کانوونی یەکەم) بڵاویکردووەتەوە، "ئەو گرووپە لەسەر رێنوێنی دەزگە سیخوڕییەکانی رژێمی زایۆنیزمی، دزییان لە خەڵک کردووە، خەڵکیان رفاندووە و دانپێدانانی ساختەیان بڵاوکردووەتەوە و دواجار بە هاوکاری سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات دەستگیرکران".

ئێران، حکومەتی ئیسرائیل بە فەرمی ناناسێت و بە "رژێمی زایۆنیزمی" ناوی دێنێت.

هەر بەپێی ئەو هەواڵە، سێ کەسی دیکە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی، یارمەتیدان بۆ رفاندنی خەڵک و هەڵگرتنی چەک"، بە پێنج بۆ ١٠ ساڵ زیندانی حوکمدراون.

حکومەتی ئێران پێش لە لەسێدارەدانی ئەو کەسانە، دانپێدانەکانیانی لە تەلەفزیۆن بڵاوکردەوە.

پێشتریش وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بە دەیان کەسی بەتۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە و "پەیوەندی لەگەڵ دەزگەی سیخوڕی" وڵاتانی دیکە و بەتایبەت ئیسرائیل دەستگیرکردبوو.

مازیار ئیبراهمی یەک لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیە بوو و دوای ئەوەی لەبارەی "دانپێدانانی زۆرەملێ"ـی دەستگیرکراوان قسەی کرد، وەزارەتی ئیتڵاعات بەڕوونی رایگەیاند، تەواوی ٥٣ تۆمەتبارانی دۆسیەی تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی دوای دەرکەوتنی راستییەکان، ئازادکران.

لەو دۆسیەیەدا ١٢ تۆمەتبار لە تەلەڤزیۆن دانیان بە تێوەگلانیان لە تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی نابوو، هەر بۆیە کەسێک بە ناوی مەجید جەمالی لەسێدارەدرا، بەڵام ١١ کەسەکەی دیکە دوای "دەرکەوتنی راسییەکان" ئازادکران.