داواکاری گشتیی ئێران: پۆلیسی ئاسایشی رەوشت هەڵوەشایەوە

پۆلیسی ئاسایشی رەوشت
پۆلیسی ئاسایشی رەوشت

K24 – هەولێر

محەمەد جەعفەر مونتەزیری، داواکاری گشتی ئێران لەبارەی وەستاندنی چالاکیی پۆلیسی ئاسایشی رەوشت، گوتی، چالاکیی ئەو دامەزراوەیە پەیوەندی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە و "لەو شوێنەی دروستکرا، هەر لەوێوە هەڵوەشێندرایەوە".

پۆلیسی ئاسایشی رەوشت کە لە ئێران بە ناوی گەشتی ئیڕشاد دەناسرێت، بەشێکە لە فەرماندەیی هێزی پۆلیسی کۆماری ئیسلامیی ئیران کە ئەرکی چاودێریکردنی جلوبەرگی هاووڵاتیان و بە تایبەت ئافرەتانی لە ئەستۆیە.

بەگوێرەی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، داواکاری گشتی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، "دەسەڵاتی دادوەری درێژە بە چاودێریکردنی هەڵسوکەوتەکان لە کۆمەڵگە دەدات".

محەمەد جەعفەر مونتەزیری لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئێستا رەچاونەکردنی باڵاپۆشی بەتایبەت لە شاری قوم، نیگەرانیی سەرەکی دەسەڵاتی دادوەرییە.

تا ئێستا حکومەتی تاران بە شێوەی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئاسایشی رەوشتی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

گیانلەدەستدانی کچێکی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی لە پاش دەستبەسەرکرانی لە لایەن پۆلیسی ئاسایشی قەوشتی تارانەوە، بوو بە هۆی دەستپێکردنی شەپۆلێکی ناڕەزایی دەربڕین لە سەرانسەری ئێران کە زیاتر لە 11 حەفتەیە بەردەوامە.

وڵاتانی رۆژئاوایی و لەوانە بەریتانیا، کەنەدا و ئەمەریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران، گەرمارۆیان خستەسەر پۆلیسی ئاسایشی رەوشتی ئێران.