گوتەبێژی پارتی: کەس بە دوژمنی خۆمان نازانین

"دەبێت بە هەبوونی جیاوازییەکان یەکتر قبووڵ بکەین"

K24 – هەولێر

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، خۆیان بە دوژمنی هیچ لایەنێک نازانن، جگە لەوانەی دژی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، دەشڵێت: دەبێت بە هەبوونی جیاوازییەکان یەکتر قبووڵ بکەین.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند، وەکو پارتی پێیانوایە کە جیاوازن، بەڵام دەبێت بە هەموو جیاوازییەکان یەکتر قبووڵ بکەن، رەتکردنەوەی یەکتر بە کارێکی باش نازانێت.

گوتیشی: "ئومێد دەکەین لایەنەکانی دیکە کێشەکانی خۆیان لەناو پرۆسەی سیاسی چارەسەر بکەن، وابیر نەکەنەوە کە لایەنێک لە لایەنەکان دوژمنیانە، ئێمە کەس بە دوژمنی خۆمان نازانین، ئەوانە نەبێت کە دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانن".

ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوان کە دەڵێن "لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەینەوە، مانای ئەوەیە وەرن با دەستپێبکەین، ئەم کوردستانە کۆمەڵێک گرفتی رووبەڕوو بووەتەوە با چارەسەری بکەین، دەبێت پێکەوە شانی بدەینەبەر".

گوتەبێژی پارتی راشیگەیاند، ئەوان وەکو پارتی نایانەوێت هەرچییەک پێشتر روویداوە ببێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکان، بەڵکو سوودی لێوەرگرن.