نه‌سروڵڵا نێوانگیری نێوان ئێران و حه‌ماس ده‌كات

ژماردنی به‌پێچه‌وانه‌ بۆ ئاساییبوونه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی حه‌ماس له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ستپێكردووه‌

K24 – هه‌ولێر

حه‌سه‌ن نه‌سروڵلا سكرتێری گشتی حزبوڵڵای لوبنان نێوانیگیری نێوان ئێران و حه‌ماس ده‌كات.

رادیۆ زه‌مانه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هه‌وڵه‌كانی نه‌سروڵڵا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ خستۆته‌ڕوو و رایگه‌یاندووه‌ گوتاری نه‌سروڵلا له‌ رۆژی قودس هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی شاندێكی حه‌ماس بۆ ناوچه‌ی " ضاحیه" له‌ باشووری لوبنان و چوونیان بۆ ئێران، ئه‌وه‌ی پیشان ده‌دات كه‌ حزبوڵلا هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ده‌دات.

نه‌سروڵڵا رایگه‌یاند: "راسته‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ گرووپه‌ خۆڕاگره‌كانی فه‌ڵه‌ستینی سه‌باره‌ت به‌ سوریا ناكۆكیكیمان هه‌یه‌، به‌ڵام هیچ گوشارێكمان بۆ سه‌ر ئه‌وان نه‌بووه‌، نه‌ موناقشه‌مان كردووه‌ و نه‌ داوامان كردووه‌ كه‌ هه‌ڵوێستیان بگۆڕن. له‌ شه‌ری دژی ئیسرائیل هیچ ناكوكییه‌كمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان نییه‌، له‌ یارمه‌تیدانی خه‌ڵك و به‌رخۆدانی فه‌ڵه‌ستین هیچ ناكوكییه‌كمان نییه‌".

ئاماژه‌ی نه‌سروڵلا به‌وه‌ی كه‌ داواكارییه‌كیان له‌ حه‌ماس نه‌بووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێران داوا له‌ ئه‌بوموسا مه‌رزوق سه‌ركرده‌یه‌كی حه‌ماس كردبوو كه‌ ره‌خنه‌كانی دژی ئێران وه‌ربگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ تۆری یوتیۆب بڵاو كراوه‌ته‌وه‌. مه‌رزوق، له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا رایگه‌یاندبوو: " ئه‌وه‌ی كه‌ ئێران به‌ناوی یارمه‌تی بۆ به‌رخۆدانی فه‌ڵه‌ستین باس ده‌كات، له‌ درۆیه‌ك زیاتر هیچ نییه‌".

رۆژنامه‌ی "السفیر"ی چاپی به‌یروت كه‌ نزیكه‌ له‌ حزبولڵا سه‌باره‌ت به‌ لێدوانی نه‌سروڵڵا له‌ رۆژی قودس رایگه‌یاند پاش ئاسایبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و توركیا، ژماردنی به‌پێچه‌وانه‌ بۆ ئاساییبوونه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی حه‌ماس له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێرانی ده‌ستپێكردووه‌.

ئاماژه‌ی رۆژنامه‌كه‌ به‌ ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و ئیسرائیل به‌و مانایه‌ كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئێدی وه‌ك جاران یارمه‌تیی دارایی ناداته‌ حه‌ماس، ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێك ره‌خساندووه‌ كه‌ به‌ نێوانگیری حه‌سه‌ن نه‌سروڵا، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و حه‌ماس بۆ سه‌رده‌می به‌ر له‌ قه‌یرانی سوریا بگه‌ڕیته‌وه‌.

حزبوڵڵا پێشتریش توانیبوو كه‌سایه‌تییه‌كانی نزیك له‌ حه‌ماس وه‌ك " ابوقاسم دغمش" سكرتێری گشتی بزووتنه‌وه‌ی به‌رخۆدانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین كه‌ له‌ كه‌رتی غه‌زه‌ چالاكه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی حزبی به‌عسی سوری له‌ دیمه‌شق كۆ بكاته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌و شانده‌ی فه‌ڵه‌ستین بۆ ناوچه‌كانی حزبوڵڵا بانگهێشت بكات.

هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا رۆژنامه‌ی " الشرق الاوسط" نووسیویه‌تی به‌ نێوانگیری حزبوڵڵا، لایه‌نی توندره‌وی حه‌ماس وه‌ك مه‌روان عیسا فه‌رمانده‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی فیرقه‌ی "عزالدین القسام" له‌گه‌ڵ یه‌حیا سوار و مه‌حموود زه‌هاوی له‌ رێبه‌رانی توندره‌وی حه‌ماس، په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران پاراستووه‌ كه‌ ساڵی رابردوو 45 ملیۆن دۆلاریان وه‌ك یارمه‌تی دارایی له‌ ئێران وه‌رگرتووه‌.

ئه‌و په‌یوه‌ندییه،‌ سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تی مه‌كته‌بی سیاسی حه‌ماس به‌رده‌وامه‌ كه‌ پێی وایه‌ نزیكبوون به‌ ئێران پاش كاره‌ساتی سوریا، له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی نه‌مانی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری حه‌ماس له‌ جیهانی ئیسلامی.