فه‌ره‌نسا نیگه‌رانه له ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا
K24 – هه‌ولێر:
فەرەنسا نیگەرانە لە بۆردومانەکان و هێرشه‌كانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای كوردستان و به فه‌رمی به ئه‌نقه‌ره‌ی راگه‌یاندووه، نابێت هیچ ئۆپەراسیۆنێک ببێتە هۆی لاوازکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ بە داعش.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (4ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا قسه‌ی كردووه و نیگەرانی پاریسی سەبارەت بە بۆردومانەکانی تورکیا لە هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان به ئەنقەرە راگه‌یاندووه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له تویتێدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیای راگه‌یاندووه كه نابێت هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ببێتە هۆی لاوازکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ بە داعش.
رۆژی (1ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، خلوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا ئاشكرایكرد، واشنتن داوایه‌كی له ئه‌نقه‌ره كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی دووباره هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ پلانی هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر باكووری سووریا بكاته‌وه و له به‌رانبه‌ردا، ئه‌نقه‌ره داوایكردووه، ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوپه‌یمانی توركیان خۆیان له په‌كه‌كه و یه‌په‌گه دووربخه‌نه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و "گرووپه تیرۆریستیانه" له نزیكترین ده‌رفه‌تدا بپچڕێنن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، رۆژی (2ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسێمبه‌ری 2022)، مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌میانی پانێلێكدا له شاری رۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسانی له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان وڵاته‌كه‌ی و سووریا دایه‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، توركیا ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سووریا باشبكات و به‌یه‌كه‌وه ده‌توانن هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن بۆ شه‌ڕكردن له‌دژی رێكخراوه تیرۆرستییه‌كان.
هه‌روه‌ها رۆژی هه‌ینی (2ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022)، ئه‌لكسه‌نده‌ر لاڤرنتییڤ، نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیا بۆ كاروباری سووریا، رایگه‌یاند، مۆسكۆ كار بۆ ئه‌وه ده‌كات، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان سه‌رۆكی سووریا، به‌شار ئه‌سه‌د و سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رێكبخات.
پێشتریش حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا نیگه‌رانی خۆی له به ئامانجگرتنی مه‌ده‌نییه‌كان له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له باكووری سووریا راگه‌یاندبوو، داواشی له ئه‌نقه‌ره كردبوو، له هه‌ر كرده‌یه‌كی سه‌ربازیدا ره‌چاوی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی بكات.