وەزیری دەرەوەی ئێران: ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ دەستییان لە ئاڵۆزییەکانی ئێراندا هەبووە

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان

K24 – هه‌ولێر:

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمه‌ریکا و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژئاوایی، دەستییان لە ئاڵۆزییەکانی ئێراندا هەبووە و هانی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان دەدەن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سربیا لە بێلگراد، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان رایگه‌یاند، داواکارییەکانی خەڵکی ئێرانمان پێگەشتوون و وەڵامیان دەدەینەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "بۆ ئێمە بەتەواوی روون بوو ئەمه‌ریکا و چەند وڵاتێکی رۆژئاوایی بەدوای دروستکردنی گوشار و هاندانی ئاشووب و تیرۆرەوەن لە ئێران".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمه‌ریکا، له‌ رێگه‌ی مێزی گفتوگۆکانی رێککەوتنی ئەتۆمی، دەستکەوتی گەورە لەبەرژەوەندی خۆی بەدەست بهێنێت".

ده‌شڵێت: "چەند دەستێکی دەرەکی لەناو ئاڵۆزییەکانی ئێراندا بوون، گەلی ئێمە لەم شەڕە بە سەربەرزی و سەرکەوتوانە هاتەدەرەوە".

له‌باره‌ی داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دووپاتیكرده‌وه‌، داواکارییە رەواکانی خەڵکی ئێرانمان گوێ لێیە و وەڵامیان دەدەینەوە. گوتی: "بەهیچ شێوەیەک رێگە بە ئاڵۆزی و تیرۆر نادەین".

بە گوێره‌ی راپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی هرانا، لە 16ـی ئەیلوول/سێپتێمبه‌رەوە تا 25ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022، خۆپێشاندان لە 156 شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچووە و بەهۆی کاردانەوەی توند و تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، 448 خۆپێشاندەر و لەوانە 63 مێردمنداڵ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

هەروەها 18 هەزار و 170 خۆپێشاندەریش دەستگیرکراون و هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی هرانا، لەو ماوەیدا لە 143 زانکۆ گردبوونەوە و خۆپیشاندان کراوە و 565 قوتابیش دەستگیرکراون.