"کەمی بەهای خۆراکی خاك مەترسی دروستکردووە"

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی خاکە

K24 - هەولێر

رۆژی (5ی کانوونی یەکەم/ دیسیمبەر) وەك رۆژی جیهانی خاك لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشان کراوە، درووشمی ئەمساڵی رێکخراوەکە بۆ ئەم بۆنەیە (خاك شوێنی سەرهەڵدانی خۆراكە) رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، کەمی بەهای خۆراکی خاك مەترسی لەسەر کشتوکاڵ دروستکردووە و لە 70 ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەها خۆراکییەکان دابەزیوون، کە مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراك دروستکردووە.

ساڵی 2013 لە 68ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێنجی دیسیمبەر وەك رۆژی جیهانی خاك دەستنیشانکرا، خاك لە کانزا، زیندەوەر و پێکهاتەی ئۆرگانیکی پێكدێت، کە گرنگن بۆ دابینکردنی خۆراك بۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکان.

هاوشێوەی مرۆڤ، خاکیش پێویستی بە هەمەجۆری خۆراکە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست بمێنێتەوە، لە دوای هەر دروێنەیەك خاکەکە بەها خۆراکییەکانی کەم دەکات، ئەگەر هاوسەنگ نەکرێت بە پیتییەکەی لەدەستدەدات و رووەکی کەم خۆراکی لێ بەرهەمدێت. چەندین هۆکار بۆ شێواندنی خاك هەن کە مەترسی لەسەر خاك و بەرهەمهێنانی خۆراك دروستدەکەن، وەك سوێربوون، پیسبوونی خاك، وشکەساڵی و راماڵین.

هەروەها کەمبوونەوەی بەها خۆراکییەکانی خاك یەکێکن لە مەترسییەکان کە رووبەڕووی خاك و ئاسایشی خۆراك بوونەتەوە، لە 70 ساڵی رابردوو، ئاستی ڤیتامین و بەها خۆراکییەکان لە خاکدا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوون، نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، نزیکەی دوو ملیار کەس لە جیهاندا بەرەنگاری کەمی بەها خۆراکییەکان بوونەتەوە.

 رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا، زۆری بەهای خۆراکی لە خاکەکە وەك شێواندن هەژمار دەکرێت و ژینگەیەکی ژەهراوی بۆ رووەك و ئاژەڵ دروستدەکات و دەبێتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا.

درووشمی کەمپینی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بریتییە لە خاك شوێنی سەرهەڵدانی خۆراكە، کە ئامانجی رێکخراوەکە هۆشداری دانە سەبارەت بە گرنگی مانەوەی سیستەمێکی ژینگەیی تەندروست، هەروەها هاندانی کۆمەڵگاکان بۆ باشترکردنی دۆخی خاك.

گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری زۆری لەسەر خاك هەبوو، بەهای خۆراکی خاکی کەمکردووە، کە بووەتە هۆکاری کەمبوونی بەربوومە کشتوکاڵییەکان، توێژینەوە زانستییەکان مەزندەی دەکەن هەر 10 ساڵ جارێك بەرهەمە کشتوکاڵییەکان %2 تا %6 کەم بکات و تا 2050 نرخی خۆراك %80 زیاد بکات.