"رووسیا بە بەهای یەک ملیار دۆلار گەنمی لە ئۆکرانیا دروێنە کردووە"

K24 - هەولێر

بەپێی داتاکانی ناسا، رووسیا بە بەهای یەک ملیار دۆلار گەنمی لە ئۆکرانیا دروێنە کردووە.

بەپێی توێژینەوەیەک کە مانگی دەستکردی ناسا بڵاویکردووەتەوە، ئۆکرانیا لانیکەم بایی یەک ملیار دۆلار لە گەنمی چێندراوی کەوتووەتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رووسیا.

لە راپۆرتێکی بلوومبێرگدا هاتووە، نزیکەی 6 ملیۆن تۆن گەنم لەو ناوچانە دروێنە کراوە، کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیادا نین، هەروەها نزیکەی %80ی ئەو بەرهەمە زستانانەی کە لە ناوچە داگیرکراوەکاندا چێندراون، لەلایەن رووسیاوە دروێنەکراون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە جووتیارانی ئۆکرانیا ئەمساڵ 26.6 ملیۆن تۆن گەنمیان دروێنە کردووە، کە چەند ملیۆن تۆنێک زیاترە لە پێشبینییە سەرەکییەکان.

سەبارەت بە گەنمە دروێنە کراوەکان لەلایەن رووسیاوە، بلوومبێرگ ئاماژەی بەوەداوە ئەستەمە قەبارەی هەناردە کردنەکە بخەملێنرێت، بەڵام کەشتییەکانی رووسیا دانەوێڵەی دروێنەکراوی ئۆکرانیا  هەناردەی وڵاتانی  لیبیا و ئێران دەکەن، بەڵام ئاژانسی ناسا قەبارەکەی بە ملیارێک دۆلار خەملاندووە.