ئەندامێکی دژەتیرۆری سلێمانی گیانی لەدەستدا

‎K24 - كەركووك:

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، درەنگانێكی شەوی رابردوو رووداوێكی كوشتن لەگەڕەكی دەروازەی كەركووك روویدا.

پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک رایگەیاند، ئەندامێکی دەزگای دژە تیرۆری سلێمانی بەناوی (محەممەد جەبار) درەنگانی شەوی رابردوو، پاش گەمارۆدانی لەلایەن پۆلیسەوە، لە کەرکووک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرەتا وابڵاوكرایەوە كە پۆلیس ئەو كەسەی كوشتووە، دواتر پۆلیس لەسەر رووداوەكە روونكردنەوەیداوە و رەتیکردەوە، ئەوان دەستیان لەكوشتنی ئەو كەسە هەبووبێت و رایدەگەیەنن، دوای گەمارۆدانی كەسێك كە چەكداربووە و هەوڵیانداوە چەكەكەی لێ وەربگرن، "چەکدارەکە خۆی كوشتووە".

پۆلیسی كەركووك بە كوردستان24ـی راگەیاند، ئەوان لەسەر سكاڵای كەسوكارەكەی كە گوتوویانە "بەچەك هەڕەشەی لە ماڵی خەزووری كردووە"، هەوڵی دەستگیرکردنیان داوە، بەڵام دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنەكە و گەمارۆدانی  كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

ئاماژە بەوەشدرا، ئەو کەسە ناوی محەممەد جەبارە و تەمەنی 28 ساڵە، هەروەها ئەندامی دژەتیرۆری سلێمانییە.