دەست بە قیڕتاوکردنی شەقامی ٦٠ مەتری گەڕەگی هەشتی حەسارۆک دەکرێت

دوای تەواوبوونی ئەو شەقامە، دەست بە چەند شەقامێکی دیکە و لەوانە شەقامێکی دیکەی ٦٠ مەتری و ٤٠ مەتری دەکرێت

K24 – هەولێر

کارکردنی لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوازی بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆکی هەولێر بەردەوامە و ئەمڕۆ دەست بە قیڕتاوکردنی شەقامی ٦٠ مەتری گەڕەکەکە دەکرێت.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ (دووشەممە ٥ـی کانوونی یەکەم) سەردانی گەڕەکی هەشتی حەسارۆکیان کرد و چۆنییەتی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ئەو گەڕەکە بەسەرکردەوە.

ساسان عەونی، باسی لە دەستپێکردنی قیڕتاوکردنی شەقامی ٦٠ مەتری گەڕەکەکە لەسەر بوودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کرد و گوتی: دوای تەواوبوونی ئەو شەقامە، دەست بە چەند شەقامێکی دیکە و لەوانە شەقامێکی دیکەی ٦٠ مەتری و ٤٠ مەتری دەکرێت.

وەزیری شارەوانی رایگەیاند: لێدانی چوار بیری ئاویش تەواوبووە و هەر کاتێک گەڕەکەکە زیاتر ئاوەدانبووەوە، چوار بیری دیکەش لێدەدرێن.

هەروەها ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئاشکرایکرد:هەر بەو شێوەیەی کێشەی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک چارەکران، لە داهاتوودا کێشەی هەندێ زەوی دیکەش چارە دەکرێ.

پارێزگاری هەولێر بو روونی ئاماژەی بە ناوی ئەو گەڕەک یان زەوییانە نەدا.