هەوڵی زیادکردنی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە عێراق دەدرێت

K24 – هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان رەخنەی لە پڕۆژیاسای ئاسایشی خۆراک لە عێراق هەیە و بۆیە دەیەوێت بە هاوکاری رێکخراوی فاو و ئامادەبوونی شارەزایانی نێودەوڵەتی، خاڵە لاوازەکانی پڕۆژەکە و رۆڵی هەریمی کوردستان بەهێزتر بکات.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری رێکخراوی فاو و ئامادەبوونی شارەزایانی نێودەوڵەتی، وۆرکشۆپێکی دوو رۆژە لە هەولێر بەڕێوەدەبات و ئامانج لێی، بەهێزکردنی خاڵە لاوازەکانی پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراکە لە عێراق.

شەیما جەمال، ئەندامی لیژنەی باڵای نووسینەوەی ستراتیژی ئاسایشی خۆراک لە عێراق بە کوردستان٢٤ دەڵێت: لەو دوو رۆژەدا کۆمەڵێک پێشنیارمان بۆ بەهێزکردنی خاڵە لاوازەکانی ناو پڕۆژی یاسای ئاسایشی خۆراک دەبێت. دەمانەوێت لەو شوێنە پێویستانەی ئاماژە بە هەرێمی کوردستان نەکراوە، بە ستراتیژەکە زیاد بکەین".

پڕۆژەیاسای پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە ساڵی ٢٠٢٢ تا ٢٠٣٠ ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە.

شەیما جەمال رەخنەی لەو پڕۆژەیاسایە هەیە و دەڵێت: لە پڕۆژەیاساکەدا بابەتی کەمی تایبەت بە هەرێمی کوردستان تێدایە، وەک پڕۆژەی خێرای پشتگیریی ئاسایشی خۆرک، لەوانە پارەی جووتیاران، سەبەتەی خۆراک، پاڵپشتی سەرچاوەکانی ئاو. ئەمەش بەپێی خواستی هەرێمی کوردستان نییە.

ئەندامەکەی لیژنەی باڵای نووسینەوەی ستراتیژی ئاسایشی خۆراک لە عێراق، پێیوایە بەهۆی بوونی سەرچاوە سروشتییەکانی وەکوو خاک و ئاو و هەوا، "هەرێمی کوردستان گونجاوە بۆ ئەوەی زامنی پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە عێراق بکات".

ئەو پێشنیار دەکات، زیاتر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و وەزارەتی پەیوەندیدار بدرێت، بەنداوی زیاتر لە هەریمی کوردستان دروستبکرێت و قەرزی کشتوکاڵی بە جووتیاران بدرێت، "بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی زیاترمان هەبێت. پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵ، واتە زامنکردنی ئاسایشی خۆراک".  

شەیما جەمال، دووپاتیکردوە، "ئێمە ناتوانن ئاسایشی خۆراکی گشتی دابین بکەین، چونکە هەندێک بەرهەم لە عێراق و کوردستان نییە و پێویستە بەبازرگانیکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەو بەرهەمانە دابین بکەین."