بانکی ناوەندی عێراق بڕی خستنەڕووی دۆلار زیاتر دەکات

K24 – هەولێر
دوای بەرزبوونەوەی بەهاری دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بڕی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکاندا زیاتر بکات.
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەپێناو بەدیهینانی ئامانجی بانکەکەیان کە پاراستنی هاوسەنگی و سەقامگیری بازاڕ، بری خستنەڕووی نەختینەیی دۆلار لە بازاڕەکان زیاتر دەکەن و بڕیارەکەش لە رۆژی دووشەممەوە جێبەجێ دەکرێت.
شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان٢٤ لە بۆرسەی کیفاحی بەغدا، باسی دۆخی بازاڕەکە دەکات و دەڵێت، بازرگانان متمانەیان بە بڕیارەکانی حکوومەت نییە.
کاتژمێر چوار بۆ پێنجی ئێوارەی دوێنێ (یەکشەممە، چواری کانوونی یەکەم) ، نرخی ١٠٠ دۆلار لە بازاڕی بەغدا گەیشتە ١٥٠ هەزار و ٥٠٠ دینار.
دوای بەرزبووبوونەوەی بەهای دۆلار، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی سەرۆکی بانکی ناوەندی کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و داوای لێکرد بەزووترین کات دۆلاری زیاتر بخاتە ناو بازاڕەوە.
پەیامنێری کوردستان٢٤ لەسەر زاری بازرگانانی بۆرسەی کیفاحی بەغدا رایگەیاند، بڕیارەکان کاریگەری زۆریان لەسەر بازاڕ نەبووە و ئومێد بەو هەوڵانەی حکوومەت نییە.
بازرگانان پێیوانوایە بەهۆی ئەوەی لە رۆژانی رابردوو دۆلار لە بازاڕدا کەمبووە، نرخی حەواڵە بەرزبووەتەوە و بەهای پارەی وڵاتانی درواسێش دابەزیوە، ئەگەری جێگیربوونی نرخی سەد دۆلار بە خوار ١٤٧ هەزار دینار، ئەستەمە.