مەسرور بارزانی بەبۆنەی دەستبەکاربوونی سیستمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە

"ئەم سیستمە پشتگیری لە سەرهەڵدانی بزنسی بچووک و مامناوەند دەکات"
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ناساندن و دەستبەکاربوونی سیستمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەم سیستمە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە تەندەرە گشتیەکان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سیستمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ کارابوونی زیاتری دارایی گشتی و پشتگیری لە سەرهەڵدانی بزنسی بچووک و مامناوەند دەکات و برەو بە پیشەسازیی نوێ دەدات و سەرەنجام جێبەجێکردنی چاکسازییەکانمان خێرا دەکات. 

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەبۆنەی ناساندن و دەستبەکاربوونی سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

پێشوازی لە کردنەوە و دەستبەکاربوونی یەکەم پۆرتاڵی تایبەت بە سیستمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە تەندەرە گشتیەکان، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کارابوونی زیاتری دارایی گشتی و پشتگیری لە سەرهەڵدانی بزنسی بچووک و مامناوەند دەکات و برەو بە پیشەسازیی نوێ دەدات و سەرەنجام جێبەجێکردنی چاکسازییەکانمان خێرا دەکات.

خۆشحاڵم کە وەزارەتی پلاندانان لە ئێستاوە دەستی کردووە بە نوێکردنەوەی ڕێنماییەکانی تەندەرە گشتییەکان و هەروەها ڕاھێنانی بە بەڵێندەران کردووە بۆ شارەزابوون لە بەکارهێنانی پۆرتاڵی نوێ و لە چەند حەفتەی داهاتوودا، ئەم سیستەمە لە گشت وەزارەتەکانی حکومەتدا جێبەجێ دەکرێت.

ئەم خزمەتگوزارییە، یەکێک بوو لە دەستپێکی خزمەتگوزارییەکان کە لە ناوەندی داتاکانی حکومەتی هەرێمدا ئامادەكاری بۆ کرا و یارمەتییەکی زۆری حکومەت دەدات بۆ دەستڕاگەیشتن بە داتاکان و بینینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی بەردەست لە کەرتی تایبەتدا.

دەستخۆشی و رێز پێزانینم بۆ ماندووبوونی وەزیری پلاندانان بەڕێز دارا ڕەشید و تیمەکەی هەیە بۆ سەرخستن و بەردەوامبوون لە پڕۆژەکە، سەرەڕای ماوەیەک وەستان بەھۆی پەتای کۆڤیدەوە. هەروەها سوپاسی ئاژانسی هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی کۆریا - (کۆیکا-KOICA) دەکەم بۆ پشتگیریی و هەوڵە بەردەوامەکانیان لەپێناو پەرەپێدانی تواناکان لە کەرتی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

05 کانونی یەکەم 2022