لێپرسینەوە لە پێنج نوێنەری ئەنجوومەنی شووڕای ئیسلامی ئێران دەکرێت

ئەنجوومەنی شووڕای ئیسلامی ئێران
ئەنجوومەنی شووڕای ئیسلامی ئێران

K24 – هەولێر

دۆسیە بۆ پێنج نوێنەری ئەنجوومەنی شووڕای ئیسلامی ئێران پێکهێندراوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. هۆکاری پێکهێنانی دۆسییەکان بۆ "نانەوەی ئاژاوە و هاندانی خەڵک" گەڕێندراونەتەوە.

لە ئەنجوومەنی شووڕای ئیسلامی ئێران، لیژنەیەکی تایبەت بە چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە هەیە. رۆژی پێنجی کانوونی یەکەم، (موسا غەزەنفەرئابادی) گوتەبێژی ئەو لیژنەیە لەبارەی دۆسیەکانەوە دەڵێت: لیژنەکەی ئێمە و دەسەڵاتی دادوەری چاودێری ئەو قسە و توییت و پەیامانە دەکەین کە پەرە بە ئاژاوەگێڕییەکان دەدەن. ئەندامانی ئەنجوومەن نابێت وەکو رادیۆ بی بی سی و تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵ قسە بکەن.

غەزەنفەرئابادی، ناوی ئەو پێنج ئەندامەی ئەنجوومەنی شووڕای ئیسلامیی کە دۆسیەیان بۆ پێکهێنرداوە، ئاشکرا نەکردووە و رایگەیاندووە، "تا ئێستا بڕیاریان لەبارەیەوە نەدراوە".

خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینییەوە بەردەوامە. حکومەتی تاران بەردەوام دووپاتیکردووەتەوە، وڵاتانی دیکە دەستیان لەو خۆپێشاندانانە هەبووە و چەندین جاریش رەخنەی توندیان لە چەند میدیایەک و لەوانە رادیۆ بی بی سی و تەلەفزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵ گرتووە.

لیژنەی چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی ئەندامانی ئەنجوومەنی شووڕای ئیسلامیی ئێران، ساڵی ٢٠٠٢ پەسندکرا. ئەندامانی ئەنجوومەن ١٥ مانگ دەمەقاڵێیان لەبارەیەوە کرد و پێیانوابوو ئەو لیژنەیە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی دەسەڵات و ئازادیان، بەڵام دواتر گوێ لە هیچ رەخنە و پێشنیارێک نەگیرا و لەسەر فەرمانی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران پەسندکرا.

مەهدی کەرووبی، سەرۆکی ئەو کاتی ئەنجوومەنی شووڕای ئیسلامی گوتبووی، دوای پێکهێنانی ئەو لیژنەیە هەموو ئەندامانی ئەنجوومەن دەبنە "نۆکەری دەسەڵات".