بەهۆی لێچوونی غازەوە ماڵێک لە تاسڵوجه‌ ده‌سووتێت

سلێمانی
سلێمانی

K24 - سلێمانی:

بەهۆی لێچوونی غازەوە ماڵێک لە شاره‌دێی تاسڵوجه‌ی سه‌ر به‌ سلێمانی ده‌سووتێت و به‌هۆیه‌وه‌ دوو هاوسه‌ر بریندارده‌بن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 6ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، ئارام عەلی، گوتەبێژی پۆلیسی بەرگری شارستانی سلێمانی به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، بەهۆی لێچوونی غازەوە ماڵێک لە شاره‌دێی تاسڵوجەی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی سووتاوە و به‌هۆیه‌وه‌ دوو هاوسه‌ر به‌ناوه‌كانی (قادر محەمەد  و نەسرین عومەر ) بریندارن و ئێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانی چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرن.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24، نه‌سرین هاوسه‌ری دووه‌می قادر بووه‌، پێشووتر هاوسه‌ری یه‌كه‌می ناوبراو هه‌ر به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆتڵی غازه‌وه‌‌ سووتاوه‌ و گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

ئه‌م رووداوه‌ له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی دووشه‌ممه‌ 5ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، بەهۆی لێچوونی غازه‌وه‌ کافتریای کەمپی تازەی زانکۆی سلێمانی و ھۆڵەکانی دەوروبەری چۆڵکران.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (17ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022) بەهۆی ته‌قینه‌وه‌ی سیسته‌می غازی ماڵێك له‌ گه‌ڕه‌كی كازیوه‌ی سلێمانی، 15 كه‌س گیانیان لەدەستدا و 12 كه‌سیش به‌هۆی ئه‌م رووداوه‌ برینداربوون، هەروەها شەوی 21/11/2022، لە رووداوێکی هاوشێوەدا بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکی غاز لە شاری دهۆک شه‌ش کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر له‌ 30 کەسی دیکەش برینداربوون.