ژنێک لە کەرکووک دوای 14 کاتژمێر لە نەشتەرگەری گیانی لەدەستدا

"مردنەکەی بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە بووە"
روئا سادق
روئا سادق

K24 - هەولێر:

ژنێکی تەمەن 32 ساڵ دوای 14 کاتژمێر لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی ناحکومی کەرکووک، گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەشی دەڵین بەڵگەی تەواومان لەبەردەستە کە بە هەڵەی پزیشکی گیانی لەدەستداوە.

بە گوتەی کەسوکارەکەی، روئا سادق (32 ساڵ) کە خاوەنی سێ منداڵە، لە یەکێک لە نەخۆشخانە ناحکومییەکانی شاری کەرکووک، بە مەبەستی دەرکردنی گۆشتێکی زیادە کە لەنێو رەحمیدا هەبووە، نەشتەرگەری بۆ کراوە.

ئاماژەیان بەوەشدا، "هەرچەندە نەشتەرگەرییەکەی ئاسان بووە، بەڵام دوای 14 کاتژمێر لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکە گیانی لەدەستداوە".

کەسوکاری روئا سکاڵایان لەسەر ئەو پزیشکە تۆمارکردووە کە نەشتەرگەریەکەی بۆ کردووە و، دەڵێن "بەڵگەی تەواومان لەبەردەستە کە مردنەکەی بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە بووە، بەڵام سکاڵاکەمان تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە".