مەسرور بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی سوید لە عێراق کۆدەبێتەوە

"باڵیۆزی سوید ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەکات"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جیسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جیسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد و، لە دیدارەکەیاندا باڵیۆزی سوید ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستانی کرد.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 6ی کانوونی یەکەمی 2022، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جیسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد.

ئاماژە بەوەشدرا، لە دیدارەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی سوید و هەرێمی کوردستان و بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران.

جیسیکا سڤاردسترۆم ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.

مەسرور بارزانی لەلای خۆیەوە کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەچەشنکردنی ئابووری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەنگاونان بەرەو حوکمڕانییەکی ئەلیکترۆنی و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەران و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ خستەڕوو .

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران و ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لە سەر ژیانی هاووڵاتییان، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.