یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دژی "بێڕێزیکردن بە فرەژنی" سکاڵای تۆمارکرد

"سکاڵامان دژی ئەو چالاكوانه‌ تۆمارکردووە، کە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، فرەژنی بەشێکە لە لەشفرۆشی"
لۆگۆی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
لۆگۆی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

K24 – سلێمانی:

یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، لە رێگەی لقی سلێمانی یەکێتییەکەیانەوە، سکاڵایان دژی ئەو ژنه‌ چالاكوانه‌ تۆمارکردووە، کە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتوویەتی "فرەژنی بەشێکە لە لەشفرۆشی".

لە راگەیەندراوێکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستاندا، کە ئەمڕۆ سێشەممە (6ی کانوونی یەکەمی/دیسێمبه‌ری 2022) بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە "لەسەر راسپاردەی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتی زانایان، لقی سلێمانی یەکێتی زانایان، سکاڵای یاسایی لەڕێی داواکاری گشتی لەسەر ئەو ئافرەتە تۆمارکرد، کە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: فرەژنی بەشێکە لە لەشفرۆشی، ئێمە وەکو لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە دژی ئەو وتەو بێڕێزیانەین کە خاتوو (شیلان حەمە نوری) کردوویەتی، بەرامبەر بەوکەسانەی کە زیاتر لە هاوسەرگیرییەکیان ئەنجامداوە، لە هەر دوو رەگەزی نێر و مێ".

یەکێتی زانایان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، ئەو گوتانی ئه‌و ژنه‌ چالاكوانه‌، بێڕێزییە بە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز کە دەقەکانی رێگەی بە ئەنجامدانی زیاتر لە پرۆسەیەکی هاوسەرگیریداوە بەپێی بنەما شەرعیەکان.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، یه‌كێتی زانایان، گوته‌كانی ژنه‌ چالاكوانه‌كه‌ی به‌ بێڕێزی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ئیسلامی و کوردەواری، کە بەدرێژایی مێژووی چواردە سەدەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئەم پرۆسەیه‌یان ئەنجامداوە، وه‌سفكردووه‌.

یەکێتی زانایان داوایکردووە، رێکاری یاسایی بەرامبەر بێڕێزییەکان بگیرێتەبەر، كه‌ دەنگدانەوەیەکی زۆری دروستکردووە و بووەتە هۆی نیگەرانبوونی بەشێک لە موسڵمانان و ئەو کەسانەی زیاتر لە یەک هاوسەریان هەیە.

ئەم لێدوان و دەنگدانەوانە، لەسەر پرسی فرەژنی دوای ئەوەهات، کە رۆژی (30ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022)، دادگای فیدراڵی عێراق، بە نوسراوێکی فەرمی بڕیاریدا بە نادەستووری بوونی ماددەی (18)ی یاسای ژمارە (15) ی ساڵی (2008)ی هەرێمی کوردستان، کە ماددەکە دەڵێت، "ئەگەر کەسێک ژنی دووەمی هێنا، ژنی یەکەم مافی داوای جیابوونەوەی هەیە".