خولێكی راهێنان له‌سه‌ر چه‌كه‌ قورسه‌كان بۆ ئه‌فسه‌رانی پێشمه‌رگه‌ به‌ كۆتاهات

دیمه‌نێك له‌ نمایشی سه‌ربازی له‌ مه‌راسیمی كۆتاییهاتنی خوله‌كه‌
دیمه‌نێك له‌ نمایشی سه‌ربازی له‌ مه‌راسیمی كۆتاییهاتنی خوله‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

خولێكی تایبه‌ت به‌ راهێنان له‌سه‌ر چه‌كه‌ قورسه‌كان بۆ ئه‌فسه‌رانی هێزه‌كانی پشتیوانی یه‌كی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌ كۆتاهات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (6ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، به‌ ئاماده‌بوونی سیهاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک، لیوا روکن هۆشمەند حیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، کۆڵۆنێڵ سۆریا بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان لەهەرێمی كوردستان، ماک دیمی کەیلا، فەرماندەیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگه و فەرماندە سەربازیەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولی چوارەمی بنەڕەتی فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانی یەک بەڕێوەچوو.

لەسەرەتای رێورەسمەکەدا، سیھاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک تیشکی خستە سەر گرنگی ئەم جۆرە خولانە لەسەر بەرزکردنەوەی توانای هێزەکانی پێشمەرگە کە دەبێتە هۆکارێکی بەهێز بۆ پاڵپشتیکردن لە هێزەکانی پیادە لەبەرەکانی جەنگ، هاوکات سوپاسی هاوپەیمانانی کرد بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

پاشان ئامادەبووان لەنزیکەوە سەردانی گۆڕەپان (میدان الرمی)یان كرد و بینەری نمایشێکی سەربازی بوون کە لەلایەن ئەفسەرو کارمەندانی بەشداربووی خولەکە لەسەر چەکە قورسەکانی وەک (هاون، جۆرەکانی تۆپ و چەکی گراد) ئەنجامدرا.

لەم خولەدا (28) ئەفسەری پێشکەوتووی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک بۆ ماوەی سێ مانگ بە شێوەیەکی چڕ مەشقیان لەسەر چەکە قورسەکان کرد.

فەرماندەیی هێزی پشتیوانی یەک سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ئەرکی پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پیادەی هێزی پێشمەرگەی لە ئەستۆدایە، له‌ رابردووشدا رۆڵی گرنگیان هەبووە لە بەرەکانی جەنگی دژ به‌ داعش.