رۆژنامه‌یه‌ك نهێنییه شاراوه‌كانی پشت شكستی به‌لجیكا له مۆندیال ئاشكرا ده‌كات
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "زە ئەتڵەتیک"ـی بەریتانی لایەنە شاراوەکانی پشت شكسته گه‌وره‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكا له مۆندیالی 2022ـی ئاشكرا ده‌كات، كێشه‌ی زمان و ململانێی ئه‌ستێره‌كان له نێوخۆیاندا بووه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر زوو به‌لجیكا ماڵئاوایی له مۆندیالی قه‌ته‌ر بكات.
به‌لجیكا لە قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیال، سه‌ره‌تا له كه‌نه‌دایان برده‌وه، دواتر به‌رامبه‌ر مه‌غریب شكست بووه به‌شیان، به یه‌كسانبوونه‌كه‌شیان له‌گه‌ڵ كرواتیا راسته‌وخۆ ماڵئاواییان له مۆندیالی 2022 كرد، ئه‌مه‌ش له كاتێكدابوو هانده‌رانی وڵاته‌كه‌یان و شرۆڤه‌كاران هیوایه‌كی زۆریان له‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه ئه‌ستێره‌ی به‌لجیكا هه‌ڵچنی بوو كه هه‌نگاوی گه‌وره له‌و مۆندیاله بنێن، هه‌مووان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان ده‌كرد ئه‌نجامێكی باشتر له پله‌ی سێیه‌می مۆندیالی 2018ـی رووسیا به‌ده‌ستبهێنن.
رۆژنامه به‌ریتانیاییه‌كه، نووسیویه‌تی: كێشه‌كانی به‌لجیكا له‌و تێپه‌ڕیوه كه په‌یوه‌ندی به وه‌رزشه‌وه هه‌بێت، كێشه‌كانیان هه‌ر لە یەکەم ڕۆژی هاتنی ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی به‌لجیكا بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان لە قەتەر ده‌ستی پێكرد، له نێوخۆیاندا دابه‌شبوون له‌ڕووی بیركردنه‌وه روویدا، هه‌رچه‌نده یەکەم نیشانەیان چەند مانگێک پێش مۆندیال دەرکەوت، بەڵام لە مۆندیال كێشه‌كه‌یان تەقییەوە.
قەیرانی زمان
كێشه‌ی زمانی گفتووگۆ یه‌كێك بوو له‌به‌ربه‌سته‌كانی شكسته‌كه‌ی به‌لجیكا له مۆندیال، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دووبەرەکی لە نێوان ئەو کەسانەی لە باکووری وڵاتەکەدا بە زمانی فلاندەرز قسە دەکەن، وەک ئەلدەرڤیرێلد، ڤێرتۆخن و کیڤن دی برۆین، لەگەڵ ئەوانەی زمانی دایكیان فەرەنسییە، وەک ئەکسال ویسێل و ئیدن هازارد، له‌ولاشه‌وه تیبۆ کۆرتوا و ڤینسێنت کۆمپانی و ڕۆمێلۆ لۆکاکۆ زیاتر به زمانی ئینگلیزی قسه‌یان ده‌كرد.
ڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکا، ڕۆبێرتۆ مارتینێز، بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌دا زاڵ بێت، بڕیاریدا کە زمانی هاوبەشی تیپەکە ئینگلیزی بێت، ئه‌و راهێنه‌ره ئه‌گه‌رچی هاوڵاتییه‌كی به‌ره‌سه‌ن كه‌ته‌لۆنی ئیسپانی بوو، به‌ڵام به ئینگلییزییه‌كی ڕه‌وان و باش قسه‌ی ده‌كرد، هیچیشی له زمانی فه‌ره‌نسی و به‌شێك له زمانه‌كانی دیكه‌ی یاریزانه‌كانی دیكه‌ی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام ئه‌مه‌ش نه‌یتوانی كێشه‌كانی به‌لجیكا چاره‌سه‌ر بكات، چونكه به‌شێك له یاریزانه‌كان هه‌رگه‌ڕانه‌وه سه‌ربه‌كارهێنانی زمانی دایك و ناوچه‌كه‌یان، ئه‌مه‌ش وایكرد به‌لجیكا نه‌توانێت سه‌رله‌نوێ روحی به كۆمه‌ڵ له نێو یاریزانه‌كان دروست بكاته‌وه كه له مۆندیالی 2018 بینرا كه به‌لجیكا پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ستهێنا.
ئاماده‌كارییه‌كی خراپ
كێشه و کاڵبوونەوەی زمانی هاوبەشی قسه‌كردن له نێوان یاریزانه‌كان له مۆندیال به ته‌نیا هۆکاری دابەزینی ئاستی بەلجیکا نەبوو، شوێنی نیشته‌جێبوون و شوێنی كه‌مپی مه‌شقی هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكا له قه‌ته‌ر رۆبێرت مارتینێزی راهێنه‌ر و یاریزانه‌كانی نیگه‌ران كرد بوو، به‌وپێیه‌ی شوێنی نیشتەجێبوونی یاریزانه‌كان 150 كیلۆمه‌ته‌ر له شوێنی راهێنانه‌كانیان دووربوو، ئه‌گه‌رچی هۆتێله‌كه‌یان لە تەنیشت کەنار دەریا بووه، به‌ڵام هه‌ندێك له یاریزانه‌كان ناڕەزاییه‌تیان له‌و شوێنه ده‌ربڕیوه، چونكه هه‌ستیان به گۆشه‌گیری و جیابوونەوە له خێزانه‌كانیان ده‌كرد.
هازارد یه‌كێك بووه له كێشه‌كان
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ژووری جلگۆڕین دزه‌ی كردووه و گه‌یشتووه‌ته ده‌ست راگه‌یاندنه‌كان، به‌رده‌وام رۆبێرتۆ مارتینێز ڕەخنەی توندی لێگیراوە بەهۆی ئەوەی سۆز و پشتگیرییه‌كی زۆری بۆ هازارد نیشانداوە، له كاتێكدا هازارد نەک هەر نەیتوانی گۆڵێک یان ئەسیستێک لە مۆندیال بكات، به‌ڵكو سه‌رجه‌م داتایه‌كانی سفر و نزم بوو، به‌جۆرێك له كۆی 3 یاریی ته‌نیا 5 بڕینی سه‌ركه‌وتووی ئه‌نجام داوه. ته‌نانه‌ت مارتینێز پاڵپشتییه‌كی زۆری له لۆکاکۆ كردووه، له كاتێكدا دوو مانگی سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌ی به پێكان له‌گه‌ڵ ئینته‌ر میلان به‌ڕێكرد، پێشبینی ده‌كرا بانگهێشتی مۆندیال نه‌كرێت.
ڕه‌شبینی دی بڕۆین
كیڤ دی برۆین رۆژێك پێش ده‌ستپێكی مۆندیال چاوپێكه‌وتنێكی له رۆژنام
ه‌ی گاردیانی به‌ریتانیا بڵاوبووه‌وه، كه تێیدا به رسته‌یه‌ك ده‌ڵێت: ئێمه تیپێكی باشمان هه‌یه، به‌ڵام خه‌ریكه پیر ده‌بێت و هه‌ندێك یاریزانمان له‌ده‌ست داوه.
ئه‌م لێدوانه‌ی مایسترۆیه‌كه‌ی به‌لجیكا سه‌ره‌تای هه‌ستكردن بووه به مه‌ترسییه گه‌وره‌كه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت دوای بردنه‌وه‌ی به‌لجیكا له كه‌نه‌دا، دی برۆین وێنه‌یه‌كی خۆی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه و نووسیبووی: هیچ شتێك له ئێوه گه‌وره‌تر نییه.
ئه‌م نووسینه و لێدوانانه‌ی دی برۆین له سۆشیاڵ میدیا، به كاڵبوونه‌وه‌ی هه‌ستی ئینتیمای بۆ وڵاته‌كه‌ی لێكدرایه‌وه، ته‌نانه‌ت ڤێرتۆخن دوای شكسته‌كه‌یان به‌رامبه‌ر مه‌غریب گله‌یی له دی برۆین كرد كه لێدوانه‌كانی له مۆندیال به خراپ به‌سه‌ر یاریزانه‌كاندا شكاوه‌ته‌وه.
رۆژنامه‌ی لكیپی فه‌ره‌نسا، ئه‌م بابه‌ته‌ی پشتڕاست كرده‌وه و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه كێشه و ناكۆكی گه‌وره كه‌وتووه‌ته نێوان دی برۆین و ڤێرتۆخن، به‌جۆرێك رۆمیلو لوكاكۆ هاتووه‌ته نێوانیان بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به كێشه‌كانیان بهێنن.
دابەشبوون و دزەپێکردنی زانیاری
تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی له مۆندیال توڕەیی خۆی دەربڕی کە کەسێک لەناو تیپەکەدا "زانیاری" بۆ میدیاکان دزیوه، پێشتریش به‌لجیكا هه‌مان كێشه‌ی له ساڵانی رابردوو هه‌بووه.
پێشتر ڕاجا ناینگۆلان، یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكا کە یەکێک بوو لەو یاریزانانه‌ی به‌ڕاشكاوانه ڕایگەیاندبوو، بەلجیکا بەدەست خۆپه‌رستی و لێكترازانی یاریزانان دەناڵێنێت، ئەوەش بووه یه‌كێك له هۆكاره‌كان مارتینێز بۆ مۆندیالی 2018 ئه‌و یاریزانه دووربخاته‌وه.
ئه‌وكات ناینگگۆلان لە 2018 بە ڕۆژنامەی تایمزی گوت: "له به‌لجیكا هەموو کەسێک دەیەوێت خۆی بسه‌پێنێت و له هه‌مووان گرینگتر بێت؛ هازارد دەیەوێت گرنگ بێت، هەروەها دی برۆین و لۆکاکۆش، بۆیە قورسە ئه‌و هه‌موو دابه‌شبوون و بیركردنه‌وه جیاوازنه کۆبکەیتەوە، ئه‌مه‌ش وایكردووه به‌لجیكا ئاستی راسته‌قینه‌ی خۆی پێشكه‌ش نه‌كات.