واشنتن پۆست: ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنەکانی لە باکووری سووریا فراوان دەکات

"ئەنقەرە بە ناردنی هێزی زەمینی وەڵامی بڕیارەکەی واشنتن دەداتەوە"
سەربازانی ئەمەریکی لە باکووری سووریا
سەربازانی ئەمەریکی لە باکووری سووریا

K24 - هەولێر:

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری ئامادەکاری دەکات بۆ "دەستپێکردنەوە و فراوانکردنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی لەگەڵ هەسەدە لە باکووری سووریا".

رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەرپرسان پێشبینیان دەکرد ئەو هەنگاوەی پنتاگۆن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا تێکبدات"، لەکاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هۆکاری تەقینەوەکەی مانگی رابردووی ئیستانبوڵ تۆمەتبار دەکات.

سێ بەرپرسی حکومی کە واشنتن پۆست ناسنامەکانیانی ئاشکرا نەکرد، پێیان وایە "ئەنقەرە بە ناردنی هێزی زەمینی بۆ باکووری سووریا وەڵامی بڕیارەکەی واشنتن دەداتەوە." وەک پێشتر ئاماژەی پێکردبوو.

بەرپرسانی ئەنقەرە، چەند جارێك ئەوەیان خستووەتەڕوو، دوای زنجیرە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر باکووری سووریا، ئامادەکاری دەکەن بۆ لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر ناوچەکە.

مانگی رابردوو، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ناچاربوون ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش رابگرن.

هەر سەبارەت بە گرژییەکانی نێو سووریا و هێرشەکانی تورکیا، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، دژی هەر جۆرە چالاکییەکی سەربازین کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری بۆ سەر ژیانی خەڵک و کۆمەڵگای سووریا. هەروەها دەستکەوتەکانی هێزە هاوپەیمانانەکان لە دژی داعش دەخاتە مەترسییە.

نێد پرایس گوتیشی: پەیاممان بۆ هەموو لایەنەکان ناردووە، پێویستە گرژییەکان ئاسایی بکەنەوە. هەر گرژییەک لەسەر سنووری تورکیا و سووریا مەترستدارە و دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی و هاووڵاتییانی ئەمەریکا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی لە هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دوواییانە و باسی لەوەکرد، هەندێکیان راستەخۆ مەترسییان بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی ئەمەریکی دروستکردووە، کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە باکووری سووریا کاردەکەن.