سەرۆکی چین سەردانی سعوودیە دەکات

شی جین پینگ، سەرۆککۆماری چین
شی جین پینگ، سەرۆککۆماری چین

K24 – هەولێر

شی جین پینگ، سەرۆککۆماری چین، بە سەردانێکی دوو رۆژە دەچێتە سعوودیە و لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی پەکین و ریاز و دۆخی ئەمنی ناوچەکە گفتوگۆ دەکرێت.

ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، هاوکات لەگەڵ سستیی پەیوەندییەکانی سعوودیا و ئەمەریکا، ریاز هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکین بەرەو قۆناغێکی دیکە ببات.

محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سەرۆکوەزیرانی سعوودیە، بڕیارە ئەمڕۆ (چوارشەممە، حەفتی کانوونی یەکەم) لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا، پێشوازی لە سەرۆککۆماری چین بکات. دیپلۆماتە رۆژئاواییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێن، جیاوازیی ئەو پێشوازییە لەگەڵ پێشوازی لە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، پەیامێکی دیپلۆماسی روونە.

سعوودیە وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا، بە لەبارچاوگرتنی نەبوونی بەشداریی چالاکی ئەمەریکا لە کاروباری ناوچەکە و جەختی حکومەتی بایدن لەسەر پرسە جێناکۆکەکانی وەکو مافی مرۆڤ، هەوڵدەدات سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەگەڵ راستیی هاوسەنگی هێزی نوێ لە ئاستی جیهانیدا، بگونجێنێت.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی سعوودیە رایگەیاندووە، سەردانی سەرۆکی چین و بەرنامەکانی لە ریاز، دەرخەری دروستبوونی "هاوکاری ستراتیژی"ـی نێوان دوو وڵاتە. لەو ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەخێرایی پەرەیسەندووە و ماوەیەکی زۆرە سعوودیە بووەتە گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ چین.