وردەکاریی کۆدەتا سەرنەکەوتووەکەی ئەڵمانیا

گرووپی رایشبۆرگر، کۆماری ئێستای ئەڵمانیایان قبووڵ نییە و دەیانەوێت سستەمێکی وەکو ئیمپراتۆریی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٨٧١ ناسراو بە "رایشی دووەم" دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.
دەستگیرکردنی گومانلێکراوێک لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیا
دەستگیرکردنی گومانلێکراوێک لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیا

K24 – هەولێر

مارکۆ بۆخمان، وەزیری دادی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی گەورە بۆ رووبەڕووبوونەوەی "ئەگەری هێرشی چەکداری بۆ سەر دامەزراوەیاساییەکان" کراوە و ٢٥ کەس بەگومانی کۆدەتا دژی حکومەت دەستگیرکراون.

ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی چوارشەممە (٧ـی کانوونی دووەم) بە بەشداری سێ هەزار پۆلیس بەڕێوەچوو و هێرش و پشکنین بۆ ١٣٠ بینا لە ١١ ویلایەتی ئەڵمانیا کرا. ٢٥ گومانلێکراو یەک لەوانە پیاوێکی تەمەن ٧١ ساڵ بەناوی شازادە هاینریشی سێزدەیەم و کەسێکی کە وەک بەرپرسی گرووپەکە ناسراوە، دەستگیرکراون.

بەگوێرەی زانیاریی میدیا ئەڵمانیاییەکان، دوو کەسی دیکە لە نەمسا و ئەڵمانیا گیراون و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.

وتەبێژێکی دەسەڵاتی دادوەری ئەڵمانیا رایگەیاندووە، گومانلێکراوان سەر بە گرووپێکی توندڕەون بە ناوی "رایشبۆرگر" و ویستوویانە هێرش بکەنە سەر پەرلەمانی ئەڵمانیا.

ماوەیەکی زۆرە ئەو گرووپە بەهۆی لەپێشگرتنی "توندوتیژی و پیلانی رەگەزپەرەستانە" لەژێر چاودێری پۆلیسی ئەڵمانیا بووە.

ئەوان کۆماری ئێستای ئەڵمانیایان قبووڵ نییە و دەیانەوێت سستەمێکی وەکو ئیمپراتۆریی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٨٧١ ناسراو بە "رایشی دووەم" دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.

چەند ئەفسەرێکی پێشووی هێزی تایبەت، رۆڵی بەرچاویان لەو گرووپەدا هەیە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی داواکاری فیدرال، ئەو گرووپە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، لە هەوڵی کۆدەتا و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتن و لەسەر ئەوە باوەڕەن کە "تەنها لە رێگەی سەربازی و توندوتیژی دژی نوێنەرانی حکومەت و لەوانە کوشتنیان، دەتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن".