وەزارەتی پەروەردە وەڵامی پەرلەمانتارێک دەداتەوە

K24 – هەولێر

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتی فرۆشگە (حانوت)ی قوتابخانەکان، وەڵامی پەرلەمانتارێک دەداتەوە و تۆمەتی ئەو پەرلەمانتارە رەتدەکاتەوە کە گوتبوو "داهاتی فرۆشگەی قوتابخانەکانی سنووری سلێمانی دەچێتەوە هەولێر".

لە راگەیەندراوی وەزارەتی پەروەردە هاتووە: "لامان باشبوو کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری کوردستان، بە زانیاری وردەوە لەسەر داهاتی فرۆشگەی (حانوت) قوتابخانە و خوێندنگەکان لێدوان بدات، بەڵام بەداخەوە بێ هەبوونی زانیاری دەڵێت ((تەنانەت داهاتی حانوتی خوێندنگەکانیش دەچێتەوە بۆ هەولێر".

وەزارەتی پەروەردە داهاتی حانوتی قوتابخانەکانی سنووری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان دەخاتەڕوو راشیگەیاندووە "قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە ناڕاستە هیچ بنەمایەکی نییە، داهاتی فرۆشگە (حانوت)ی قوتابخانەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و تەنانەت دهۆکیش  نەگەڕاوەتەوە بۆ هەولێر".

دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی پەروەردە:

لامان باشبوو بەڕێز کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری کوردستان بە زانیاری وردەوە لەسەر داهاتی فرۆشگەی (حانوت) قوتابخانە و خوێندنگەکان لێدوان بدات، بەڵام بەداخەوە بێ هەبوونی دەڵێت ((تەنانەت داهاتی حانوتی خوێندنگەکانیش دەچێتەوە بۆ هەولێر)) ، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ئەو قسەیەی بەڕێز (کاروان گەزنەیی) ناڕاستە هیچ بنەمایەکی نییە، داهاتی فرۆشگە (حانوت)ی قوتابخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و  تەنانەت دهۆکیش  نەگەڕاوەتەوە بۆ هەولێر:

داهاتی فرۆشگەی (حانوت)ی قوتابخانەکانی پەروەردەی گشتیی سلێمانی بۆ ئەمساڵی خوێندن ٢٠٢٢-٢٠٢٣ بریتی بووە لە (3٫910٫023٫000)سێ ملیار و نۆسەد و دە ملیۆن و بیست و سێ هەزار دینار، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەڵەبجە بریتی بووە لە (219٫000٫000) دووسەد و نۆزدە ملیۆن دینار، بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی گەرمیان بریتی بووە لە (462٫714٫000)چوارسەد و شەست و دوو ملیۆن و حەفت سەد و چواردە هەزار دینار، بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی راپەڕین بریتی بووە لە (546٫722٫000) پێنج سەدو چل و شەش ملیۆن و حەفت سەدو بیست و دوو هەزار دینار، ئەو پارانە نە هاتووەتە هەولێر، لەبەر دەستی بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین بووە و بە گوێرەی رێنمایی ژمارە(1) ساڵی (2022) پارەکەیان وەرگرتووە لای خۆیان و دابەشیانکردووەتەوە بەسەر ناوەندەکانی خوێندن و ئەوەی دیکەش بووەتەوە داهات بۆ پەروەردەکان بۆ ئەوەی بۆ بابەتی راهێنان و چالاکی وەرزشی و هونەری و پێداویستیەکانی پەروەردەکان و ناوەندەکانی خوێندن خەرجی بکەن،  تەنانەت ئەمە بۆ پەروەردەی گشتیی دهۆک و زاخۆ و سۆرانیش بەهەمان شێوەیە، بە نموونە پارەی فرۆشگەی قوتابخانەکانی دهۆکیش نایەتەوە بۆ هەولێر، سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەش بەهەمان شێوەن.