داقووق.. شه‌ڕ له‌ نێوان جووتیارانی كورد و عه‌ره‌بی هاورده‌ روویدا

"سوپای عێراق دەستوەردانیكرد"
شه‌ڕ له‌ نێوان جووتیارانی كورد و عه‌ره‌بی هاورده‌ روویدا
شه‌ڕ له‌ نێوان جووتیارانی كورد و عه‌ره‌بی هاورده‌ روویدا

k24 - كەركووك:

له‌ سنووری شارۆچكه‌ی داقووق، شه‌ڕ له‌نێوان جووتیارانی كورد و عه‌ره‌بی هاورده‌ روویدا و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند جووتیارێكی كورد برینداربوون.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له‌ كه‌ركووك، نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 7ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسیمبه‌ری 2022)، عەرەبە هاوردەكان لە گوندی فەریق لەسنووری حەفتەغاری سەر بە شارۆچكەی داق,وق، بە چوار تراكتۆر چوونەته‌ نێو زەوی و زاری جووتیارانی كورد و دەستیان بە كێڵان كرد، جووتیارانی كوردیش لە سنوورەكە رێگرییانكرد و لەئەنجامدا شەڕ لەنێوان هەردوولا دروستبوو و جووتیاره‌ كورده‌كان بە دار و بەرد رووبەڕووی عەرەبە هاوردەكان بوونەوە، لە ئەنجامدا دوو جووتیاری كورد برینداربوون و پاشان سوپای عێراق دەستوەردانیكرد و بەتەقە بڵاوەیان بە هەردوولا كرد.

سەبارەت بە رووداوەكە، مەلاحەسەن دووزی ئەندامی ئەنجوومەنی هەڵپەسێردراوی پارێزگای سەڵاحەدین، كە خاوەنی ئەو زەوییەیە عەرەبە هاوردەكان كێڵاویانە و هاوكات دووبریندارەكەش برای ئەون، بە كوردستان24ـی راگەیاند، عەرەبە هاوردەكان دەستدرێژییانكردووە و شەڕیان لەدژی كورد راگەیاندووە. گوتیشی: "رووداوەكە پێشهاتێكی خراپە و پێویستە بەر بە دەستدرێژییەكانی عەرەبە هاوردەكان بگیرێت و سەركردایەتی سیاسی كورد كێشەی خاك بكاتە پێشینەی كارەكانی".

ئاشكراشیكرد، سوپا پشتگیر و پاڵپشتی عەرەبی هاوردەن و ئەوان نەبن ناتوانن بێنە نێو زەوی و زاری كورد.

لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەرەوە بەردەوام عەرەبی هاوردە هەوڵی داگیركردنی زەوی و زاری جووتیارانی كورد دەدەن لەسنووری داقووق  و سەرگەڕان و ناوچەكوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تائێستاش توانیویانە بەشێك لەزەوی و زاری جووتیارانی كورد داگیربكەن.