حاجیاوا.. بەهۆی رووخانی دیوارێكهوه کرێکارێک گیانی لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون
K24 - راپهڕین:
پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، لە قەزای حاجیاوا، بەهۆی رووخانی دیوارێکەوە، کرێکارێک گیانی لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.
لە راگەیەندراوێکی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕیندا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە (7ی کانوونی یەکەمی 2022) بڵاوکراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوەدراوە، لە ئەنجامی رووخانی دیواری خانووی هاووڵاتییەک، لە گەڕەکی دابانی قەزای حاجیاوا، کرێکارێک گیانی لەدەستداوە و چواری دیکەش برینداربوون، کە سەرقاڵی کارکردن بوون.
پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، کرێکارە بریندارەکان گوتەیان لێوەرگیراوە و باسیان لەوەکردووە، کە سەرجەمیان بە کرێ، کاریان لە خانووی هاووڵاتییەکەدا کردووە، رووداوەکەش کاتێک روویداوە، کە کاریان لە دیواری هەورەبانی خانووەکەدا کردووە.
لە ئەنجامی رووداوەکەدا، کرێکارێک بەناوی هانا ئهحمهد تەمەن 26 ساڵ، گیانی لەدەستداوە و دانیشتوانی قەزای حاجیاوا بووە و خێزانداره و خاوهنی منداڵێكه، دوای ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی، تەرمەکە رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە و هاوڕێكانی باس لهوه دهكهن، لهكاتی نوێژكردندا دیوارهكه بهسهریدا داڕماوه.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، سەرجەم بریندارەکان تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 33 ساڵدایە و لە نەخۆشخانەی رانیە لەژێر چاودێری پزیشکیدان و دۆخی تەندروستیان جێگیرە.