چین و سعوودیە بە بەهای 29 ملیار دۆلار گرێبەستی ئابووری واژوودەکەن

گەیشتنی سەرۆکی چین بۆ سعوودیە و پێشوازیکردنی لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتە
گەیشتنی سەرۆکی چین بۆ سعوودیە و پێشوازیکردنی لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتە

K24 - هەولێر:

ئاژانسی هەواڵی سعوودیە بڵاویکردەوە، شی جیپینگ، سەرۆکی چین بڕیارە لەسەردانەکەیدا بۆ ریاز چەند گرێبەستێکی ئابووری بە بەهای 29 ملیار دۆلار لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە ئەنجامدات.

لەو بارەیەوە شی جیپینگ، سەرۆکی چین پاش گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی ریازی پایتەختی سعوودیە رایگەیاند، لەگەڵ پاشای ئەو وڵاتە رێکارەکانی بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری چین لەگەڵ سعوودیە و وڵاتانی کەنداو بە گشتی تاووتوێ دەکات.

بڕیارە لە سەردانەکەیدا بۆ سعوودیە، سەرۆکی چین بەشداری سێ لوتکەی سیاسی و ئابووری بکات لەوانە، لوتکەی چین- سعودیە و لوتکەی چین- کەنداو کە عێراقیش بەشداری تێدادەکات، هەروەها لوتکەی چین - وڵاتانی عەرەب، گرنگترین تەوەرەکانیش پرسی نرخی نەوت و ئاسایشی وزە و پلانی چینن کە بە پشتێنە و رێگا ناسراوە و بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێدەپەڕێت.

ئامانجی پڕۆژەی "پلانی پشتێنە و رێگە"ی چین کە ساڵی 2013 دەستیپێکرد، زیندووکردنەوەی رێگەی کۆنی "ئاوریشم"ـەو بڕیارە بە بڕی یەک تریلیۆن و 300 میلیار دۆلار لە ژێرخانی رێگەوبان و وزەی وڵاتاندا وەبەرهێنانی تێدا بکرێ.